ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە سەرۆك بارزانی لە ڕێوڕەسمی بانگەشەی لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر، گوتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا تیشكی خستە سەر چەندین بابەتی گرینگ، لە بەشێكی گوتارەكەیدا داوای لە كانیدەكانی پارتی كرد، لە بەغدا خۆیان بە نوێنەری هەموو خەڵكی عێراق بزانن و بەرگریی لە مەزڵوومان بكەن.
سەرۆك بارزانی لە گوتارەكەیدا گوتی: ئەم هەڵبژاردنە وەك سەرجەم هەڵبژاردنەكانی دیكە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و لە هەڵومەرجێكی جیاواز ئەنجام دەدرێت.
سەرۆك بارزانی لەبارەی مێژووی دەوڵەتی عێراق گوتی: لە كاتی پەیاننامەی لۆزاندا، لەنێو بەشەكانی كوردستان تەنیا مافی بڕیاردان لە چارەنووس بە خەڵكی كوردستانی باشوور درا و ئەوانی دیكە دابەش كران، ئەو كات كوردی باشوور بڕیاریان دا لەگەڵ عێراق بن، بەڵام بە مەرجێك كە هاوبەش بن لە حكومڕانیدا، بەڵام بەداخەوە ئێمە نەك نەبووینە هاوبەش، بەڵكو مافی هاووڵاتی و ژیانمان لێ سەندرایەوە، مافەكانمان بوون بە كیمیابارانكردن و ئەنفال و خاپووركردنی دیهاتەكان، لەوە ناخۆشتر ئەوە بوو كە دوای 2003 نانی منداڵ و كەسوكاری ئەنفالكراوانیشیان بڕی.
سەرۆك بارزانی هەروەها گوتشی: سەرەڕای ئەو زوڵم و زۆردارییەی لە خەڵكی كوردستان كرا، خەڵكی كوردستان مەردانە و مرۆڤدۆستانە رەفتاریان كرد، لە ساڵی 1991 كە دوو فەیلەقی سوپای عێراق خۆیان بەدەستەوە دا، هەر ئەو دوو سوپایە بوون كە ئەنفال و وێرانكردنی دێهاتەكانیان ئەنجامدابوو، بەڵام یەك كەسیان لەلایەن خەڵكەوە ئازار نەدران و هەموویان ئازاد كران، ئەمە وای كرد ئەو كات لە هەموو كات زیاتر شانازی بە خۆمەوە بكەم كە یەكێكم لە لەم میلـلەتە.
لەبارەی دەستووری عێراق، سەرۆك بارزانی گوتی: دەستووری عێراق لەسەر سێ پڕەنسیپی (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان) دانرا، دوای نووسینەوەی دەستوور، كاتێك گەڕامەوە كوردستان گوتم سوپاس بۆ خودا دەستوورێك دانرا، هەرچەندە دەستوورەكە هەموو داخوازییەكانی ئێمەی تێدا نەبوو و بەدڵی هەموولایەك نەبوو، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دەستوورێكی باش بوو.
سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن، سەرۆك بارزانی گوتی: ئەم یاسایەی هەڵبژاردن سنوورداركراوە، ئومێدەوارین بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بێتە گۆڕین و یاسایەكی دیكە بۆ هەڵبژاردن دابنرێت.
سەبارەت بە یاسای نەوت و گازیش، سەرۆك بارزانی گوتی: لە ساڵی 2007 لە پیرمام چەندین كۆبوونەوە لەنێوان شاندی هەرێم و عێراق بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئەمریكا و بەریتانیا و چەندین پسپۆڕ و شارەزای وڵاتان كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچوو، ئەو كات گەیشتینە رێككەوتنێكی رێكوپێك لە یاسای نەوت و گاز، رێككەوتنەكە چووە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەڵام ئەو كات وەزیرێك بووە رێگر و نەیهێشت یاساكە جێبەجێ بكرێت، بۆیە هەتا ئێستا ئەگەر هەر كێشەیەك لە نەوت و گاز لەنێوان هەرێم و عێراق دروست بووبێت خەتای عێراق بووە، چونكە ئەگەر ئەو كات رێككەوتنەكە جێبەجێكرابووایە، هیچ كام لەم كێشانە روویان نەدەدا.
سەبارەت بە مادەی 140ی دەستووری عێراق، سەرۆك بارزانی گوتی: تا ئێستا حكوومەتی عێراق خۆی لە (تطبيع، احصاء و استفتاء) دەدزێتەوە، دەبێت كێشەی مادەی 140ی بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی عێراق سەقامگیر بێت و نەوەی داهاتوو تووشی ئەم گرفت و كێشانە نەبن كە ئێمە و ئەوانی پێش ئێمە تووشی بوون.
سەرۆك بارزانی لەبارەی دادگای فیدڕاڵیش گوتیشی: ئەو دادگایە تا ئێستا دروست نەبووە، چونكە ئەو دادگایە ئەو نەبوو كە لە دەستووردا هاتووە، بۆیە دەبێت ئەمەش چارەسەر بكرێت تا نە هەرێم و نە خەڵكی عێراقیش بەناوی یاساوە تووشی غەدر نەبنەوە.
سەرۆك بارزانی سەبارەت بەم هەڵبژاردنەی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، گوتی: داوا دەكەم هەڵبژاردنێكی لەسەرخۆ و هێمن و بێ كێشە بەڕێوەبچێت، هەتا ئەگەر وێنەی كاندیدەكانی پارتیش لە شوێنێك بدڕێنرێت، كاندیدەكانی پارتی نابێت ئەم كارە هەڵەیە بكەنەوە، ئەمە كارێكی هەڵەیە و ئێوە بەرزتربن لەوە، قسەی ناشرین كرا وەڵامیان نەدەنەوە، ئەگەر بوختانێكیش دەرحەق بە هەرێمی كوردستان كرا، ئەو كات دەبێت بەشێوەیەكی مەعقوول وەڵام بدرێتەوە، خۆتان مەهێننە ئاستی كار و كاردانەوەكان.
سەرۆك بارزانی هەروەها داوای لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد بە گەرم و گوڕی بچنە سەر سندووقەكانی هەڵبژاردن و دەنگ بدەن و بەشداربن.
سەرۆك بارزانی گوتیشی: ئەمجارەش وەك جارەكانی دیكە، كاتێك بەرەو هەڵبژاردن دەچین، دیسان پلانگێڕی لە دژی پارتی دەست پێ دەكاتەوە، بەڵام ئامۆژگاری من بۆ ئەوان ئەوەیە كە بەخۆیاندا بچنەوە، مرۆڤ جارێك دوو و سێیان دەبێت عیبرەت وەربگرێت، كاكە پارتی بە ئێوە ناشكێت چ لە ناو هەرێم چ بە هاوپەیمانی كۆمەڵێك لە بەغدا یان لە هەر شوێنێكی دیكە، دڵنیابن هەرێمی كوردستان بەئێوە ناشكێت و پەشیمانیش دەبنەوە، پارتی زۆر لەوە گەورەترە بە هاوپەیمانی ئەم و ئەو بشكێت.
سەرۆك بارزانی جەختیشی كردەوە كە دواكانی هەرێمی كوردستان هەمووی بەگوێرەی دەستوور بووە، ئەگەر هەرێم یەك داوای زیاتری بە پێچەوانەی دەستوور كرد، با نەیكەن و بڵێن ئەمە لە دەستووردا نەهاتووە، بەڵام لەبەرامبەریشدا یەك بڕگەش پێچەوانەی دەستوور بێت قابلی قبووڵ نییە، بە دڵنیایشەوە ئەگەر نیەتی چارەسەركردنی كێشەكان هەبێت، گەڕانەوەیە بۆ دەستوور.
لە كۆتاییدا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ سەرجەم كانیدەكان خواست و داواشی لێ كردن، خۆیان بە نوێنەری هەموو خەڵكی عێراق بزانن و لەوێ لەگەڵ لایەن و پەرلەمانتارانی دیكە پەیوەندییەكی دۆستانە دروست بكەن بەیەكەوە بەرگریی لە سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق بكەن و كێ مەزڵوومە دیفاعی لێ بكەن و موزایەدە نەكەن و لە كەسیش نەترسن، چونكە ئێوە پارتی و چیاكانی كوردستانتانان لە پشتە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.