Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 16:56

سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەری دانا

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەردا، ڕایگەیاند، مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێکی گرنگیان لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا گێڕاوە. هاوکات داوای کرد بەردەوام بن لە بڵاوکردنەوەی پەیامی میانڕەوی و وا بکەن خەڵک ئیسلامیان خۆش بوێت، نەک لێی بترسن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەر و ئاهەنگی دەرچووانی پەیمانگەی پێشنوێژ و وتاربێژانی هەولێر بەڕێوەچوو.

دەقی گوتارەكەی سەرۆکی حکوومەت:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێز نوێنەری زانکۆی ئەزهەر
مامۆستایانی ئایینی بەڕێز

قوتابیانی دەرچووی پەیمانگەی پێشنوێژ و وتار خوێنان
هەمووتان زۆر بەخێر بێن و زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لە خزمەت ئێوەی بەڕێز، لێرە لەگەڵتانم.

سەرەتا پیرۆزباییەکی گەرم لە قوتابیانی دەرچوو دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم ببنە نموونەی مامۆستایانی ئایینی ڕەوشت بەرز کە لە ئاست ئەرکی پیرۆزی پێشنوێژیکردن و وتاربێژیی مزگەوتەکانمان بن.

مامۆستایانی ئایینی، ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا گێڕاوە، هەروەها لە پێشخستنی زمان و ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردیشدا، ڕۆڵێکی کارایان هەبووە. بەشێکی زۆری سەرکردە و ڕێبەران و شاعیر و نووسەرانی کورد، کەسایەتیی ئایینی و مەلا و زانای ئایینی ئیسلام بوون کە ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پرسە نیشتمانییەکان و گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەویدا هەبووە.

بۆیە ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ مامۆستایانی ئایینی هەیە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم لە ئەرکی پیرۆزی خۆیان لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و برەودان بە کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیامی لێبوردەیی و خۆشەویستی لە نێو کۆمەڵگەدا.

ئەمڕۆش کە بەردی بناخەی پەیمانگەی ئەزهەرمان دانا ، هیوادارین ببێتە هاندەرێکی دیکە بۆ زیاتر پێگەیاندنی زانایانی ئایینی بە گیانی میانڕەویی کە زانکۆی ئەزهەری شەریف لە جیهانیی ئیسلامیدا پێی ناسراوە . سوپاسی زانکۆی ئەزهەر دەکەم بۆ هاریکاریی و هاوئاهەنگیکردنی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و پشتیوانیکردنی ئەم پەیمانگەیە.

پەیوەندییەکی مێژوویی لە نێوان میسر و ئەزهەر و کوردستان هەیە. خۆتان دەزانن لە سەردەمی سەرکردەی کورد سەلاحەددینی ئەییوبی، ژمارەیەکی زۆری کورد ڕوویان لە میسر کرد و لەوێ نیشتەجێ بوون و کەسایەتیی بە ناوبانگ و زانا و شاعیر و نووسەر و پیاوی گەورە و ناسراویان لێ هەڵکەوت. یەکەم ڕۆژنامەی کوردیش بە ناوی کوردستان، 127 ساڵ لەمەوبەر لە قاهیرە دەرچووە. هەروەها سەلاحەددین ئەییوبی ڕۆڵێکی دیاری لە پێشخستنی زانکۆی ئەزهەر و فراوانکردنیدا هەبوو، دواتر سەدان قوتابی کورد لەو زانکۆیەدا خوێندنیان تەواو کردووە و تەنانەت شوێنێکی تایبەتیش بە قوتابیانی کورد لە زانکۆی ئەزهەردا هەبووە بە ناوی (رواق الاکراد). بۆیە هیوادارین قوتابیانی کورد لە زانکۆی ئەزهەر وەک هەمیشە نموونەی قوتابی زیرەک و ڕەوشت بەرز بن و بە باشترین شێوە، سوود لەو دەرفەتە ببینن کە بۆ خوێندن لەو زانکۆیە پێیان دراوە.

لە دوا قسەكانمدا ، دەمەوێ ڕوو لە مامۆستایانی ئایینی بەڕێز بكەم، هەم سوپاسیان بكەم بۆ پشوودرێژیی و ماندووبوونیان، بۆ ئەو زەحمەتەی كە دەیكێشن لە رێنماییكردنی گەلەكەمان كە بەڕاستی جێگەی دەستیان دیارە لە هەموو شۆڕشەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، بینیومانە كە مامۆستا هاوشانی پێشمەرگە لە جەبهە دژ بە ستەم و ستەمكاران وەستاوەتەوە و پەیامی میانڕەو لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا كە بڵاو بووەتەوە، ئەنجامی ڕێنمایی و ئامۆژگارییەكانی مامۆستایانی ئایینی بەڕێزە، بۆیە من ڕوو لە مامۆستا گەنجەكانیش دەكەم و داواكارم مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی بەردەوام بن لە بڵاوكردنەوەی ئەو پەیامە میانڕەوییە كە پێویستە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا زیاتر گرنگی پێ بدەین و ڕێگە نەدەین پەیامی توندڕەوی، توندوتیژی، یەكتر قەبووڵنەكردن، دژایەتیكردنی یەكتر و ئەم شتانە بواریان پێ بدرێت لە كوردستان بڵاو بكرێنەوە.

ئێمە بەوەوە جوانین كە ڕووی راستەقینەی ئیسلام چییە ئەوە ببینین، مامۆستایانی ئایینی دەبێ وابكەن خەڵك ئیسلامیان خۆش بوێت نەك لێی بترسن، دەبێ هەوڵی جددی مامۆستایانی ئایینی بۆ ئەوە بێت كە ئەو ڕێز و پێكەوەژیانی لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) هەبووە كە هەموو لایەك یەكترییان قەبووڵ كردووە و هەموو خواپەرستان جێگەیان بووەتەوە، ئێستا كوردستان بە شانازییەوە بووەتە شوێنی نیشتەجێبوون و بەیەكەوەژیانی هەموو ئایین و ئایینزاكان.

هیوادارم ئەم كولتوورە بەردەوام بێت، مامۆستایانی ئایینی بەردەوام بن لە ڕێنماییكردنی ئێمە و ئەم كۆمەڵگەیە بەرەو كوردستانێكی ئارامتر، سەقامگیرتر، ئاوەدانتر.

ئێوەش هەر بەختەوەر بن و وڵاتی ئێمەش هەر ئاوەدان بێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.