Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 22:12

قیرتاوكردنی سایدی دووەمی جووتسایدی هەولێر- گۆمەسپان دەستی پێ‌ كرد

کوردستان TV
100%

کارکردن لە پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر - گۆمەسپان بە چڕی بەردەوامە و دوای تەواوبوونی سایدی هاتن، ئەمڕۆ قیرتاوکردنی سایدی چوونیش دەستی پێ کرد. پڕۆژەکە کە بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی هەولێر دادەنرێت، بڕیارە لە کۆتاییی ساڵی 2026 تەواو بکرێت.

پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، كاركردن لە پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر- گۆمەسپان  كە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەی دووسایدی  گۆمەسپان- سماقووڵی لەلایەن كۆمپانیایی هێمن گرووپ دەست بەجێبەجێكردنی كراوە و بە چڕی بەردەوامە، رێگەی هاتن ماوەی دوو هەفتەیە تەواو بووە، ئێستە دوای كاركردنێكی زۆر، قیرتاوكردن لە سایدی چوونیش دەستی پێ‌ كردووە.

لە ڕاگەێیندراوەکەدا هاتووە، ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجی و گرنگەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و بە تەواوبوونی، سوودێكی زۆری دەبێت بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران و كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی سەر ڕێگەكە، كە پێشتر یەك ساید بووە و ڕووداوی نەخوازراوی لێ كەوتووەتەوە. 

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستادا كاركردنەكە بە دوو ئاراستەیە، ئاراستەیەك بۆ هەولێر و ئاراستەیەكیش بۆ گۆمەسپان بەردەوامە، ئامانجیش ئەوەیە بەخێرایی بەبێ‌ وەستان رێگەكە تەواو بكرێت و دەست بكرێت بە كارە تەكنیكی و ئەندازەییەكان.

درێژیی شەقامەكە 15 كیلۆمەترە، پانی هەر سایدێك 10 مەتر و 75 سانتیمەترە و دوو ڕێڕەوی سەرەكی و ڕێڕەوێكی فریاگوزاریی دەبێت، كە لە كۆتایی شەقامی كەسنەزان دەست پێ دەكات و لە دەربەندی گۆمەسپان كۆتایی دێت، 4 پرد و 1 ئەندەرپاس، 40 ئاوبەری سندووقی قەبارە درێژی جۆراوجۆر، پەرژینی خۆپاراستن و سیستمی ئاوەڕۆی پێكدێت.

هەروەها لەم پڕۆژەیەدا 2000 كارمەند و 600 ئامێری جۆراوجۆر كاری تێدا دەكەن كە 99%ـی پشتی بە هێزی كاری ناوخۆیی بەستووە. بڕیارە لە كۆتایی ساڵی 2026 تەواو بكرێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.