پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - کۆیە، کە بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، بە بەرزترین کوالێتی بەردەوامە. دوای تەواوبوونی پڕۆژەکەش، ماوەی نێوان هەولێر - کۆیە بە نزیکەی نیو کاتژمێر کەم دەکاتەوە.
پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - کۆیە، کە بە شادەماری ڕێگاکانی کوردستان دادەنرێت، بە بەرزترین ئاستی کوالێتیی جیهانییەوە لە جێبەجێکردندایە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پڕۆژەکە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوژمەی 560 ملیار و 443 ملیۆن دینار لەلایەن کۆمپانیای "ئۆزان"ـەوە جێبەجێ دەکرێت و درێژییەکەی 37 کیلۆمەترە.
تایبەتمەندییەکانی پڕۆژەکە:
• ڕێگاکە لە دوو ساید پێکدێت، هەر سایدێک سێ لاینە و پانییەکەی 12 مەترە.
• ڕێگاکە بە سێ چینی قیری ئەستوور (22 سم) قیرتاو دەکرێت.
• پڕۆژەکە 6 ئۆڤەرپاس، 5 ژێر پرد و پردێکی گەورەی 250 مەتری لەخۆدەگرێت، جگە لە دروستکردنی 160 ئاوبڕی کۆنکرێتی.
لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم پڕۆژەیە هەولێری پایتەخت بە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانەوە دەبەستێتەوە. بە تەواوبوونی، ماوەی نێوان هەولێر - کۆیە بە نزیکەی 27 خولەک کەم دەبێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.