یەکێتیی ئەوروپا فشاری خستۆتە سەر کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان سەبارەت بە پاراستنی منداڵان لەڕێگەی ئۆنلاینەوە، داوا دەکات ئەپڵ، گووگڵ، سناپچات و یوتیوب روونکردنەوەیەکی ڕوون لەسەر سیاسەتەکانیان لەم بوارەدا بدەن.
ئهوهش هاتووه: چەند وڵاتێکی ئەندام له یهكێتیی ئهوروپا پێداگرن لهسهر قەدەغەکردنی یهكجاری بەکارهێنانی سۆشیال میدیا لەلایەن منداڵانەوە.
ئاژانسی ههواڵی "فرانس پرێس" رایگهیاندووه، کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەیەوێت دڵنیا بێت لەوەی کە ئەپ ستۆرەکانی ئەپڵ و گووگڵ (ئەپ ستۆر و گووگڵ پلەی)، تۆڕی کۆمەڵایەتی سناپچات و پلاتفۆرمی یوتیوب هەموویان پابەندن بە بنهماكانی پاراستنی منداڵ کە لە یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان (DSA)دا هاتووە.
هاینا ڤیرکۆنێن، کۆمیساری سەروەری تەکنەلۆژی لە بەیاننامەیەکدا پێش کۆبوونەوەی وەزاری لە شاری هۆرسێنس لە دانیمارک رایگهیاند: "دەبێت دڵنیا بین لەوەی ئەو ناوەڕۆکەی منداڵەکانمان بە شێوەی ئۆنلاین دەستیان پێدەگات لەگەڵ تەمەنیاندا بگونجێت، هەر بۆیەش یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانمان دەرکردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان بەڕوونی باس لەوە دەکات کە دەبێت ستانداردە زۆر بەرزەکانی پاراستنی نهێنی و ئاسایش جێبەجێ بکرێت، کاتێک منداڵان خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان بەکاردەهێنن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەر لەبەر ئەمەشە کۆمیسیۆن ڕێکارەکانی جێبەجێکردن توندتر دەکات، ئێمەش داواکاری دڵنیایی زانیاریمان بۆ ئەم چوار پلاتفۆرمە ناردووە".
کۆمیسیۆن نیگەرانە لە ئەگەری دابەزاندنی بەرنامەی زیانبەخش یان نایاسایی لە فرۆشگاکانی ئەپەکانی ئەپڵ یان گووگڵ، منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی. ئەم بەرنامانە ڕەنگە بۆ نموونە بەرنامەکانی گرەوکردن یان ئەوانەی کە ڕێگە بە دروستکردنی ناوەڕۆکی سێکسی وەک وێنەی ڕووت دەدەن لەخۆ بگرن.
سەبارەت بە سناپچات، کۆمسیۆن داوای زانیاری لە تۆڕەکە کردووه سەبارەت بە چۆنیەتی پشتڕاستکردنەوەی تەمەنی بەکارهێنەرانی و ئەو ڕێکارانەی دەیگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی منداڵان بۆ کڕینی جگەرەی ئەلیکترۆنیی یان مادەی هۆشبەر به نموونە.
ههروهها یوتیوب دەبێت ڕوونکردنەوە بدات بە کۆمیسیۆن لەسەر چۆنیەتی پشتڕاستکردنەوەی تەمەنی بەکارهێنەران و تا چەند تەمەنی منداڵان لەبەرچاو دەگرێت. ئەم پلاتفۆرمە کە خاوەندارێتی گووگڵ دەکات، پێشتر ڕەخنەی زۆری لێگیرا بەهۆی پیشاندانی ناوەڕۆکی نەشیاو بۆ منداڵان.
پابەندنەبوون بە بڕگەکانی یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لەوانەیە ببێتە هۆی غەرامەکردن تا 6%ی کۆی داهاتی ساڵانەی پلاتفۆرمەکان.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.