پۆلیسی سلێمانی هۆكاری شەڕە تەقەكەی شەوی رابردووی نەخۆشخانەی شار بڵاو دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت كە لەسەر شەڕەكە سێ كەسیان دەستگیر كردووە.
پۆلیسی سلێمانی لەبارەی شەڕەكە رایدەگەیەنێت "شەوی ڕابردوو پاش کاتژمێر 12ی نیوەی شەو، سێ كەس بەمەبەستی سەردانیکردن دەچنە نەخۆشخانەی شار، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەردانیكردن لەو کاتەدا ڕێگەپێدراو نییە، کارمەندی پاسەوانی بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانە ڕێکاری گونجاو دەگرێتەبەر و ڕێگرییان لێ دەكات".
هەروەها ڕایدەگەیەنێت "یەكێك لە كەسەكان دوور لە ڕاستی خۆی بە پزیشکی نەخۆشخانە دەناسێنێت و دەڵێت ئەو كەسەی كە لەگەڵیەتی لەژێر کاریگەری مەی نۆشی دایە، بەڵام كارمەندەكە رێگرییان لێ دەكات و بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی دەخوڵقێنن و هێرش دەكەنە سەر کارمەندەکە".
پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەكات "لەو كاتەدا یەكێك لە تۆمەتبارەكان چەكی كارمەندەکە دەڕفێنێت و تەقە دەكات و هەڵدێت".
دەشڵێت "دەستبەجێ دوو لە تۆمەتبارەكان لەلایەن بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانە دەستگیر دەكرێن، دواتر لە ماوەیەكی كەمدا تۆمەتباری سێیەمیش دەستگیر دەكرێت".
پۆلیسی سلێمانی جەختیشی دەكاتەوە كە ئێستا هەرسێ تۆمەتبارەكە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (31/405) لە یاسای سزاکانی عێراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.