Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 07:40

وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیەنراوێك لەبارەی تێپەڕبوونی 5 ساڵ بەسەر رێككەوتنی شنگال بڵاو دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی تێپەڕبوونی 5 ساڵ بەسەر واژووكردنی رێككەوتنی شنگال بڵاو دەكاتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت "چەند كەس و هێزێك كە خۆیان لە سەرووی یاسا و دەوڵەتەوە دەبینن، بەربەستن لەبەردەم جێبەجێكردنی ڕێكکەوتنەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان".

وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەنراوەكەدا دەڵێت "پێنج ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر واژووکردنی ڕێکەوتنی شنگال و هیچ کام لە تەوەرەکانی ئیداری و ئەمنی بونیادنانەوە جێبەجێ نەکراون".

هەروەها دەڵێت "ئەو ڕێکەوتنە نەخشەڕێگەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالە بۆ دابینکردنی سەقامگیریی و ئۆقرەیی و گێرانەوەی متمانە بۆ ئاوارەکان تا بە ئازادی و سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان، بۆیە جێبەجێکردنی کرایە بەشێک لە ڕێکەوتنی سیاسی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکوومەتی ئێستا و بەرنامەی کاری وزاری حکوومەتی فیدراڵ".

وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت "هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدا هەوڵیانداوە تەوەرەکانی رێکەوتنەکە جێبەجێ بکەن، بەڵام هەندێ هێز و کەسایەتی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان کە خۆیان لەسەرووی یاسا و رێکەوتن و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبینن، بەربەستی سەرەکی بەردەم جێبەجێکردنن، ئەمەش بۆتە هۆکاری بەردەوامی نەهامەتی ئاوارەکان و بێ ئومێدی و کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆریان بۆ دەرەوەی وڵات".

جەختیش دەكاتەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە ئامادەبووە ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات بۆ زەمینەسازی گەڕانەوەی خوشک و برایانی ئێزدی و هاووڵاتییانی دیکەی رەسەن بۆ زێدی خۆیان، بە نیگەرانییەوە لە بەردەوامی نەهامەتییەکانی ئاوارەکان دەڕوانین و ئۆباڵی هێشتنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە لەو بارە نائاساییە خراپە دەخەینە ئەستۆی ئەوانەی بە ئاشکرا ڕێگرن لە جێبەجێکردنی رێکەوتنی شنگال".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.