Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 10:41

حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بڕیار و پڕۆژەی لە بەرژوەندیی پارێزگای هەڵەبجە پەسند کرد

کوردستان TV
100%

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم حەفتەیەدا 13 نووسراوی فەرمیی تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجەی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و حکوومەتی فیدراڵ و پارێزگای هەڵەبجە و چەند دامەزراوەیەکی پەیوەندیدار کرد.

لە دوای ئەوەی رۆژی 6ـی تشرینی یەکەم، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بڕی 25 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی هەڵبەجە پەسند بکات ئەمڕۆ بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجە بڵاو کرانەوە.

بە پێی ئەو نووسراوە فەرمییانە کە لە ڕێکەوتی 6ـی تشرینی یەکەم دەرچوون و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بەسەرەوەیە، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپێراوە لە پێناو بەرژوەندیی گشتی و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان و خزمەتکردنی زیاتری دەڤەرەکە کاری پێویست بکرێت بۆ دابینکردنی نەختینەی پێویست بۆ پڕۆژەکانی سەر بودجەی پەرەپێدان و وەبەرهێنان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.

هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبێ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی و پارێزگاری هەڵەبجە، کار بکەن بۆ بەفەرمیکردنی مەرز سازان وەک مەرزێکی ناوخۆیی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.

بە پێی یەکێک لەم نووسراوانە ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیران وەرگیراوە بە تەرخانکردن و خەرجکردنی بوجەی کۆمەڵێک پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی 250 فەرمانبەریش لە سنووری پارێزگاکە دەرچووە.

لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراوە، فەرمان دراوە کاری پێویست ئەنجام بدرێت بە ئامادەکرنی زەمینەسازی بۆ خزمەتکردن و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و ڕێک خستنەوەی و بنیاتنانی ڕێگاوبانەکان لە ناوچەکە بەگشتی و بە تایبەتی لە سنووری ناوچەی هەورامان.

لە نووسراوێکی دیکە بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ئاماژە بەوە کراوە وەک دیارییەکی سەرۆک بارزانی بۆ هاووڵاتییانی پارێزگای هەڵەبجەی شەهید، ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەر بۆ دروستکردنی پارکێکی شایستە لەسەر ئەرکی جەنابیان و بۆ ئەم مەبەستە کاری پێویست ئەنجام بدرێت بە دەستنیشانکردنی شوێنێکی گونجاو و ئامادەکردنی دیزاین و دەرخستەی پێویستی پڕۆژەکە.

هەر لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی، نووسراوێک ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کراوە کە لە پێناو بەرەپێشچوون و گەشەسەندنی ئابووری و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ڕاکێشانی وەبەرهێنەران بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە سێکتەرە جێاوازەکان، کاری پێویست ئەنجام بدەن بە کارئاسانی لە رووی کارگێڕی و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەبەرهێنەران بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.

لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی کراوە ئەماژە بەوە کراوە ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیران وەرگیراوە لەسەر دروستکردنی باڵەخانەی نەخۆشخانەیەکی سەردەمیانە لە پارێزگای هەڵەبجە کە توانای ئەنجامدانی چارسەری و نەشتەرگەریی لە ئاستێکی بەرزدا بێت. هەروەها بڕیار دراوە ئامێری پزیشکی بە مەبەستی چارەسەرکردن و شکاندنی بەردی گورچیلە بۆ نەخۆشخانەی هەڵەبجە دابین بکرێت و پێکهێنانی بۆردێکی ڕاوێژکاریی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ چارەسەرکردنی بەپەلەی نەخۆشانی بەرکەوتووی چەکی کیمیایی، ڕەزامەندیی لەسەر دراوە.

 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.