Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 09:52

نەتانیاهۆ: لە سەرەتاوە ڕوونم کردبووەوە تا هەموو بارمتەکانمان نەگەڕێنەوە ئێمە ئارام ناگرین

کوردستان TV
100%

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماسی وەک ڕۆژێکی گەورە بۆ ئیسرائیل ناو برد و رایگەیاند هەر لە سەرەتاوە ڕوونم کردبووەوە تا هەموو بارمتەکانمان نەگەڕێنەوە و هەموو ئامانجەکانمان بەدەست نەهێنین، ئێمە ئارام ناگرین.

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای راگەیاندنی ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیی: "من سوپاسی سەربازانی قارەمانی سوپای ئیسرائیل و هەموو هێزە ئەمنییەکان دەکەم کە بە هۆی ئازایەتی و لەخۆبوردوویی ئەوانەوە گەیشتینە ئەم ڕۆژە". ڕاشیگەیاند رۆژی پێنجشەممە، بە مەبەستی پەسندکردنی ڕێککەوتنەکە و گەڕاندنەوەی بارمتەکان، ئەندامانی کابینە کۆ دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە: "بە پەسەندکردنی قۆناغی یەکەمی پلانەکە، هەموو بارمتەکانمان دەگەڕێندرێنەوە ماڵەوە. ئەمە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی و سەرکەوتنێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل".

نەتانیاهۆ هەروەها سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و تیمەکەی کردووە کە بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، هەموو هەوڵەکانی خۆیان خستە گەڕ. جەختیشی کردووەتەوە هەمووان پێکەوە بۆ گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانیان و پەرەپێدانی ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانی ئیسرائیل، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن.

هاوکاتیش ئیسحاق هێرتزوک، سەرۆککۆماری ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەلایەتیی ئێکس نووسیی: "لەم کاتەدا هەموو خەڵکی ئیسرائیل لەگەڵ بارمتەکانن. هەموو خەلکی ئیسرائیل لەگەڵ بنەماڵەکانن. ئەوان لە وڵاتی دوژمن دەگەڕێنەوە ... کوڕەکانمان دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان".

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.