سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ سێشەممە ئاشكرای كرد كە پێشكەوتنی بەرچاویان لە چارەسەركردنی كێشەی غەزە و گەیشتن بە ئاشتی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕیوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: دانوستانەكان سەبارەت بە دۆسییەی غەزە بە باشی بەڕێوەدەچن و هەلێكی باش بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتۆتە ئاراوە.
سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەش دا كە هیوای تەواوی بە چارەسەركردنی كێشەی غەزە و پڕۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ سێشەممە بزووتنەوەی حەماس ئامادەیی بۆ چەكدانان و رۆیشتنی بەشێك لە سەركردەكانیان نیشان دابوو لەبەرامبەر راگرتنی جەنگ لە كەرتی غەزە و ئازادكردنی بارمتە ئیسرائیلییەكان.
میدیا عەرەبییەكان بڵاویان كردبووەوە: بزووتنەوەی حەماس دواجار ئامادەیی نیشانداوە لەبەردەم دەستە هاوبەشەكەی فەڵەستین و میسڕ لە چوارچێوەی دانوستانە ناڕاستەوخۆكان لە شەرم شێخ، بڕیار لەسەر چەكدانان بدات.
بزووتنەوەی حەماس هەروەها رەزامەندی نیشانداوە ئەگەر گرەنتی ئەمریكایان پێ بدرێت، بەشێك لە فەرماندە و سەركردەكانیان غەزە جێبهێڵن و بچنە دەرەوەی وڵات.
لەبەرامبەریشدا دەبێت هەموو جموجۆڵێكی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بۆ ماوەی هەفتەیەك رابگیرێت بۆ ئەوەی بارمتەكان كۆ بكەنەوە.
وەك ئەو پلانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دایناوە، بزووتنەوەی حەماس ئامادەیی خۆی نیشانداوە وەك قۆناغی یەكەم 48 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بكات، بەڵام تا ئێستا بزووتنەوەكە پێشانیاری بەڕێوەبردنی كەرتی غەزەی لەلایەن لیژنەیەكی نێودەوڵەتی رەت دەكاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.