سبەی سێشەممە وادەی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی بابەتی ناردنی مووچەی مانگەكانی 8 و 9ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكرێت.
پەیامنێری (كوردستان تیڤی) لە بەغدا پێی راگەیاندین: سبەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە لە كارنامەی كۆبوونەوەكەدا بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی تێدا نییە، بەڵام زانراوە كە لە پاشكۆی كۆبوونەوەكە باس لەم بابەتە گرینگە دەكرێت.
بەپێی زانیارییەكان، لە كۆبوونەوەی سبەی سێشەممەدا، وەزیرە كوردەكان پێشنیار دەكەن لە پاشكۆی كۆبوونەوەكە پرسی مووچەی مانگەكانی 8 و 9ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت.
دوای هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە و رێككەوتن لەسەر داهاتنە نانەوتییەكان، هیچ بیانۆیەك لەبەردەم حكوومەتی عێراق نەماوەتەوە بۆ نەناردنی مووچە، بۆیە پێشبینی دەكرێت لە كۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچە بدات.
زانراوە لە كۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران سەرەتا بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی 8 دەدرێت، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك بەهەمانشێوە بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی 9ش دەدرێت.
پەیامنێری كوردستان تیڤی لە بەغدا ئاماژەی بەوەش دا، دەبێت پێش هاتنی سەری ساڵ و داخستنی بودجەی ساڵ، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوتای مووچەی پارێزگاكانی عێراق بكرێت و دواكەوتنی تێدا نەمێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.