سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند گفتوگۆ لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و کۆتاییهێنانی بە شەڕی غەززە زۆر ئەرێنی بووە و قۆناغی یەکەمی ئاگربەست ئەم هەفتەیە تەواو دەکرێت.
ڕۆژی یەکشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال ڕایگەیاند "گفتوگۆیەکی زۆر ئەرێنی لەگەڵ حەماس و وڵاتانی سەرانسەری جیهان (عەرەب، موسڵمان و کەسانی دیکە) لە ئارادا بووە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە. لە ئاگربەستیش گرینگتر ئەوەیە دواجار، ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەستەبەر بکرێت".
ترەمپ جەختیشی کردووەتەوە، گفتۆکان زۆر سەرکەوتوو بوون و بەخێرایی بەڕێوە دەچن. ئاماژەی بەوەش کردووە تیمە تەکنیکییەکان دووبارە ڕۆژی دووشەممە لە میسر کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی کار لەسەر وردەکارییە کۆتاییەکان بکەن و زیاتر ڕوونی بکەنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ: "پێم وتراوە قۆناغی یەکەم دەبێت ئەم هەفتەیە تەواو بکرێت و داوا لە هەمووان دەکەم خێراتر بجووڵێن. بەردەوام دەبم لە چاودێریکردنی ئەم ململانێیەی سەدەی پێشوو".
ترەمپ هۆشدارییشی داوە "کات درەنگە و ئەگەر بەخێرایی ڕێک نەکەون، خوێنڕشتنێکی زۆر گەورە ڕوو دەدات. ئەمەش شتێکە کە کەس نایەوێ بیبینێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.