بە مەبەستی گەشەپێدانی تواناکانی مرۆیی و ئاشنابوون بە مێژوویی نیشتیمان دەزگای خێرخوازی بارزانی بە هاوکاری بارەگای بارزانی گەشتێکی نیشتیمانییان بۆ رەوەندی کوردی هەرچوارپارچەی کوردستان رێکخست.
ئەمڕۆ شەممە 4ـی تشرینی یەکەم، دەزگای خێرخوازی بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی کەمپی پەرەپێدانی مرۆیی سەر بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە هاوکاری بارەگای بارزانی، دیسکی ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردی و فیدراسیۆنی لاوانی ئەوروپا، گەشتێکی حەوت ڕۆژە بۆ 106 لاوی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان ڕێکخرا. ئامانجی ئەم گەشتە، ئاشناکردنی لاوانی کوردە بە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، سەردانیکردنی شوێنە گەشتیارییەکان و دامەزراوە حکومیییەکان.
لە سەرەتای ئەم کەمپەدابەشداربووان ڕۆژەکەیان بە وتنی سروودی ئەی ڕەقیب و وەرزشی بەیانیان دەستپێکرد. پاشان، سەردانی مەزاری نەمران و مۆنۆمێنتی ئەنفالە جینۆسایدکراوەکانیان کرد. لەم سەردانەدا، چەندین بابەتی زانستی، مێژوویی و کلتووری خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
هەر لە هەمان ڕۆژدا، لاوانەکە سەردانی مزگەوتی بارزانیان کرد و تێیدا چەندین بابەتی مێژوویی لەسەر ناوچەی بارزان، تەریقەتی نەقشبەندی، و مێژووی وشەی "بارزان" کە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا، پێشکەش کرا.
جێگای ئاماژەیە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2018 یەکەمین کەمپی پەرەپێدانی مرۆیی کردەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوامە. ئەم کەمپە بە چەندین پێوەری جیهانی ڕێکخراوە و تێیدا چەندین کارمەندی دەزگاکە و لاوانی کورد بەشدارییان کردووە، بە مەبەستی گەشەپێدانی تواناکانی مرۆیی و پەیوەندی نێوان لاوانی کورد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.