Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 21:37

ئیسرائیل بەبێ گوێدانە داواکارییەکەی ترەمپ بۆ ئاگربەست، هێرشی ئاسمانیی خۆی بۆ سەر غەززە دەستپێکردەوە

کوردستان TV
100%

ئیسرائیل بێ گوێدانە داواکاری سەرۆکی ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردەوە؛ لەکاتێکدا دوێنێ رایگەیاند دەست دەکات بە جێبەجێ کردنی قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپ بۆ ئاشتی.

ئەمڕۆ شەممە 4ـی تشرینی یەکەم، بەرگری شارستانی غەززە ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل دەیان هێرشی ئاسمانی  بۆسەر  شاری غەززە  ئەنجامداوە، ئەمەش سەرەڕای داواکارییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ وەستاندنی بۆردوومانەکان.

 مەحمود بەسڵ، گوتەبێژی بەرگری شارستانی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: هێرشی ئاسمانی چڕ کراوەتە سەر کەرتی غەزە؛ ئەمە لەکاتێکدایە بڕیار وابوو ئاگربەست بێت و ئیسرائیل هێرشەکانی بۆسەر غەززە ڕابگرێت.

 ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا "ئیسرائیل زیاتر لە 20 خانوو و باڵەخانەیان لە غەززە  وێران کردووە."

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی گوتیشی، "دۆخی شاری غەززە  زۆر مەترسیدارە و قوربانی و بریندار هەن کە ناتوانین پێیان بگەین بەهۆی بوونی تانک و بۆردوومانی بەردەوامەوە."

نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە شاری غەززە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "چوار مردوو لەگەڵ ژمارەیەک بریندارمان پێ گەیشتووە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل کە خانووێکی لە گەڕەکی توفاح لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە کردبووە ئامانج."

لە خانیونس لە باشووری کەرتی غەززە، نەخۆشخانەی ناسر ئاماژەی بە گواستنەوەی تەرمی دوو منداڵ و هەشت بریندار کرد "لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل".

بزووتنەوەی حەماس ڕۆژی هەینی ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنی خێرا ڕاگەیاند بۆ ئازادکردنی بارمتە گیراوەکان لە کەرتی غەززە و کۆتاییهێنان بە جەنگ، لە چوارچێوەی پلانێکدا کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشنیاز کرابوو.

لای خۆیەوە، ئیسرائیل ڕایگەیاند ئاگاداری وەڵامەکەی حەماسە و خۆی ئامادە دەکات "بۆ جێبەجێکردنی دەستبەجێی قۆناغی یەکەمی پلانی ترەمپ بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکان،" بەبێ ئەوەی لەم قۆناغەدا باس لە وەستانی بۆردوومانەکان بکات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.