Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 08:37

ترەمپ داوای وەستاندنی دەستبەجێی بۆردوومانی غەززە دەکات

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئەمریکاداوای وەستاندنی دەستبەجێی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلی کرد و هەنگاوەکەی حەماسی بە ئاشتیخوازانە ناوبرد. لە هەمان کاتدا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی فەڕەنسا بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناویان برد. هەردوو نێوەندگیرەکە قەتەر و میسر، پێشوازییان لەم هەنگاوە کرد.

ئەمڕۆ شەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە ئیسرائیل کرد "دەستبەجێ" بۆردوومانی غەززە ڕابگرێت. ئەمەش دوای ئەوەی حەماس ڕایگەیاند کە بە مەرجێک ڕەزامەندی لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتە گیراوەکان لە کەرتی غەززە دەربڕیوە، لە پێناو کۆتاییهێنان بە شەڕ. بەڵام لە ڕاگەیەندراوەکەی حەماسدا ئاماژە بە پرسی چەکدانان نەکراوە.

دوێنێ شەو حەماس ڕەزامەندی لەسەر ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و گواستنەوەی ئیدارەی غەززە بۆ دەستەیەکی "سەربەخۆ" دەربڕی. هەردووکیان لە خاڵەکانی پلانی سەرۆکی ئەمریکان و ئیسرائیلیش پشتیوانی لێدەکات. بەڵام جەختی کردەوە کە پێویستە لەسەر خاڵەکانی دیکەی پەیوەست بە "داهاتووی کەرتی غەززە" کە لە پێشنیازەکەدا هاتوون، دانوستان بکرێت.

ترەمپ لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای "تروس سۆشیال" نووسیویەتی: "بەپێی بەیاننامەکەی حەماس، پێم وایە ئەوان ئامادەن بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن. پێویستە ئیسرائیل دەستبەجێ بۆردوومانی غەززە بوەستێنێت بۆ ئەوەی بتوانین بارمتەکان بە سەلامەتی و خێرایی دەربهێنین."

بزووتنەوەی حەماس لێدوانەکانی ترەمپی بە "هاندان" وەسف کرد، کە تێیدا داوای لە ئیسرائیل کردبوو بۆردوومانی غەززە بوەستێنێت، و جەختی لە ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی دەستبەجێی دانوستان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕ کردەوە.

ترەمپ لە ڤیدیۆیەکی کورتدا کە لە پلاتفۆرمەکەی بڵاوی کردەوە، بەڵێنی دا کە هەموو لایەنەکان بە "شێوەیەکی دادپەروەرانە" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت بەپێی پلانەکەی بۆ ئاشتی، و ستایشی ڕەزامەندی حەماسی لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان کرد و ئەم ڕۆژەی بە "تایبەت" وەسف کرد.

نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بەدوای "جێبەجێکردنی دەستبەجێ"ی قۆناغی یەکەمی پلانی ترەمپدا دەگەڕێت بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە، ئەمەش دوای ڕاگەیاندنی ڕەزامەندی حەماس لەسەر پلانەکە.

ئانتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازی لە ڕاگەیاندنەکەی حەماس کرد و داوای لە هەمووان کرد "هەلەکە بقۆزنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە".

قەتەریش پێشوازی لە وەڵامەکەی حەماس کرد و میسر، کە هاوبەشە لە نێوەندگیریکردنەکەدا، بە "پێشکەوتنێکی ئەرێنی" وەسفی کرد.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، ڕایگەیاند کە ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و ئاگربەست لە غەززە "لە بەردەستدایە".

لەلایەکی دیکەوە، کێر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕەزامەندی حەماسی لەسەر پلانێکی ئەمریکی بۆ ئاشتی لە غەززە بە "هەنگاوێکی گرنگ" وەسف کرد.

بەیاننامەکەی حەماس چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە ترەمپ مۆڵەتی تا ئێوارەی یەکشەممەی بە بزووتنەوەکە دابوو بۆ وەڵامدانەوەی پلانەکەی کە لە 20 خاڵ پێکهاتبوو، و ئامانجی کۆتاییهێنانە بە شەڕی نزیکەی دوو ساڵەی ناوچە وێران و گەمارۆدراوەکە.

پلانەکە کە نەتانیاهۆ پشتیوانی لێکردووە، ئاگربەست، ئازادکردنی سەرجەم بارمتە گیراوەکان لە کەرتی غەززە لە ماوەی 72 کاتژمێردا، چەکدانانی حەماس، کشانەوەی وردە وردەی ئیسرائیل لە غەززە، و دواتر پێکهێنانی دەسەڵاتێکی کاتی بە سەرۆکایەتی ترەمپ لەخۆدەگرێت."

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.