Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 08:37

وەزارەیی پەروەردە هەڵمەتی گەڕانەوە بۆ خوێندنی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند

کوردستان TV
100%

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلاندانانی پەروەردەیی، هەڵمەتی "گەڕانەوە بۆ خوێندن"ی بۆ ساڵی خوێندنی (2025-2026) ڕاگەیاند. ئەم هەڵمەتە لە ڕێکەوتی 5ـی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات و ماوەی 16 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئامانجی گەڕاندنەوەی ئەو قوتابیانەیە کە بەهۆکارێکی جۆراوجۆر لە خوێندن دابڕاون.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، داوا لە بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و تەواوی ستافی قوتابخانەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، هەڵەبجە، سۆران، ڕاپەڕین و زاخۆ دەکرێت کە لە سنووری جوگرافیای خوێندندا، بە پشت بەستن بە ڕێنماییەکانی وەرگرتنی قوتابی، هەوڵبدەن نزیکەی پێنج (5) قوتابی بگەڕێننەوە بۆ خوێندن.

ڕێنماییە گرنگەکانی هەڵمەتەکە:

قوتابیانی نوێ (قۆناغی بنەڕەتی): هەر منداڵێک تەمەنی لە (9) ساڵ کەمتر نەبێت واتا نەگەیشتبێتە (10) ساڵ، مافی هەیە لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تۆمار بکرێت یان بەپێی ئاستی خۆی لە پۆلێکی گونجاو دابنرێت.

قوتابیانی دابڕاو (خێرا): ئەگەر تەمەنی منداڵ لە (10) ساڵەوە تا (22) ساڵ بۆ کوڕ و (24) ساڵ بۆ کچ بێت و دابڕابێت، مافی خوێندنی خێرای هەیە و دەتوانێت بەپێی ڕێنمایی و ئەزموون بەردەوام بێت. ئەگەر قوتابی چەند پۆلێکی تەواو کردبێت (بۆ نموونە تا پۆلی سێیەمی بنەڕەتی)، دەتوانێت لە خوێندنی خێرا بەردەوام بێت یان لە هەمان پۆل دابنرێتەوە.

قوتابیانی ڕووتین (ئاسایی): قوتابیانی ڕووتین دەتوانن تا تەمەنی 16 ساڵ لە خوێندنی ڕۆژ بەردەوام بن. ئەگەر تەمەنیان لە 16 ساڵ زیاتر بێت و دوو ساڵ یان زیاتر دابڕابن، مافی خوێندنی ئێواران یان خوێندنی خێرایان هەیە، بەمەرجێک لە خوێندنی ئێواران تەمەنیان لە 45 ساڵ و لە ئامادەیی لە 50 ساڵ زیاتر نەبێت.

کەسانی نەخوێندەوار: هەر کەسێک لە هەر تەمەنێک بێت کە تا ئێستا لە هیچ قوتابخانەیەک نەخوێندووە، پێویستە بە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاستی بۆ دیاریبکرێت و بەپێی تەمەن لە خوێندنی بنەڕەتی بەردەوام بێت.

قوتابیانی دەرەکی: ئەگەر قوتابی بەتەمەن چووبێت و دوای پۆلی چوار یان پێنج وازی لە خوێندن هێنابێت، و تەمەنی ئێستای (26) ساڵ بۆ کچ و (23) ساڵ بۆ کوڕ بێت، دەتوانێت لە ڕێگەی خوێندنی دەرەکی ناوەکانیان تۆمار بکات و بە قوتابی دەرەکی خوێندنەکەی تەواو بکات.

قوتابیانی ئامادەیی دابڕاو: هەر قوتابییەک لە پۆلەکانی ئامادەیی وازی هێنابێت، بەمەرجێک دوو ساڵ لەسەریەک بە کەوتوو هەژمار نەکرابێت، مافی گەڕانەوەی هەیە بۆ قوتابخانەکانی خوێندنی ڕۆژ بەپێی تەمەن، یان ئەگەر دوو ساڵ زیاتر وازی لە خوێندن هێنابێت، دەتوانێت لە خوێندنی ئێواران بەردەوام بێت.

تەمەنی نەگونجاو بۆ ئامادەیی: ئەگەر قوتابی تەمەنی بۆ قۆناغی ئامادەیی نەگونجێت، دەتوانێت بە شێوەی دەرەکی بەردەوام بێت.

بەردەوامبوون لە خوێندن: ئەگەر قوتابییەک لە ماوەی 16 ڕۆژەی هەڵمەتەکەدا بۆ ماوەی (20) بیست ڕۆژ بەردەوام بێت لە خوێندن، دەگەڕێتەوە هەمان پۆل.

جێگای ئاماژەیە، لە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی ئەم هەڵمەتە، قوتابی مافی گەڕانەوەی خوێندنی بۆ ساڵی خوێندنی (2025-2026) نامێنێت.

 

 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.