Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 09:06

حەماس: ئازادکردنی بارمتەکان لە بەرامبەر وەستانی شەڕ و کشانەوەی تەواو

کوردستان TV
100%

حەماس رازی بوو بە پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ ئازادکردنی تەواوی بارمتەکان بەرامبەر وەستاندی شەڕ لە کەرتی غەززە و راشیانگەیاند، ئامادەیە بە خێرایی لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە تاوتوێی وردەکارییەکان بکات.

ئەمڕۆ هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، حەماس ڕەزامەندی خۆی ڕاگەیاند لەسەر ئازادکردنی تەواوی بارمتەکان، چ ئەوانەی لە ژیاندا ماون و چ تەرمەکان، بەپێی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و لە بەرامبەردا داوای وەستاندی شەڕ دەکات لە غەززە.

بزووتنەوەکە ڕوونیکردەوە کە ئەم ڕەزامەندییە "لەپێناو وەستاندنی هێرشەکان" دێت و بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕ و کشانەوەی تەواوە لە کەرتی غەززە، جەختیشی کردەوە لە ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی خێرا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بۆ تاوتوێکردنی تەواوی وردەکارییەکان.

حەماس دووپاتیشی کردەوە ڕەزامەندیی خۆی بۆ ڕادەستکردنی ئیدارەی کەرتی غەززە بە دەستەیەکی فەلەستینی سەربەخۆ کە بە سازانێکی نیشتمانی پێکبهێنرێت و پشت بە پشتیوانی عەرەبی و ئیسلامی ببەستێت.

سەبارەت بە داهاتووی کەرتی غەززە، حەماس ئاماژەی بەوەدا کە ئەو پرسانەی لە پێشنیازەکەی ترەمپدا هاتوون دەربارەی داهاتووی غەززە و مافەکانی گەلی فەلەستین، لە چوارچێوەیەکی نیشتمانی فەلەستینی گشتگیردا تاوتوێ دەکرێن کە پشت بە یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان ببەستێت، و بزووتنەوەکە بەشێک دەبێت لەم گفتوگۆیە و بە بەرپرسیارێتییەوە بەشداری تێدا دەکات.

سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتێکی دایە بزووتنەوەی حەماس تا کاتژمێر دە شەوی یەکشەممە بە کاتی گرینج، بۆ قبوڵکردنی پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، هۆشداریشی دایە بزووتنەوەکە لەوەی لە حاڵەتی ڕەتکردنەوەیدا ڕووبەڕووی "دۆزەخ" دەبنەوە.

ترەمپ لە بڵاوکراوەیەکدا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیال ڕایگەیاندبوو کە حەماس "تا کاتژمێر شەشی ئێوارەی یەکشەممە بە کاتی واشنتۆن" کاتی هەیە وەڵامی پێشنیازەکەی بداتەوە کە پشتیوانی ئیسرائیلی لەگەڵدایە.

گوتیشی: "ئەگەر ئەم ڕێککەوتنەی کۆتا دەرفەت واژۆ نەکرێت، هەموو دەروازەکانی دۆزەخ بەسەر حەماسدا دەکرێنەوە، وەک هیچ کەسێک پێشتر نەیبینیبێت."

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.