بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر هۆشداری توند دەداتە شۆفێران و خاوەنکارانی جوانکاری ئۆتۆمبێل سەبارەت بە بەکارهێنان و فرۆشتنی ئەو کەرەستانەی کە بۆ شاردنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێل بەکاردێن.
ئەمڕۆ هەینی 3ـی تشرینی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند: لە ماوەی ڕابردوودا لە هەندێک پەیج و ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیا ڕیکلامی کەرەستەیەک کراوە کە بە سیستەمی کۆنترۆڵی دوور (ڕیمۆت کۆنترۆڵ) کار دەکات و بەشێوەیەکی فێڵبازانە تابلۆی ئۆتۆمبێل دەشارێتەوە و دووبارە دەریدەخاتەوە.
بۆ شۆفێران: هەر شۆفێرێک ئەم کەرەستەیە بەکاربهێنێت، ئۆتۆمبێلەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت و لێپرسینەوەی یاسایی توندی لەگەڵدا دەکرێت و سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنرێت.
بۆ دوکانی جوانکاری: هەر شوێنێکی جوانکاری ئۆتۆمبێل ئەم کەرەستەیە بفرۆشێت، شوێنەکەی دادەخرێت و ڕێکاری یاسایی توندی لەبەرامبەردا دەگیرێتە بەر.
هاتوچۆی هەولێر جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک شاردنەوە، لابردن یان دەستکاریکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل ڕێگەپێدراو نییە و ئەنجامدەرانی بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.