بانگەشە پێشخرا و بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە ئۆفیسی هەولێر دەڵێت، پۆستەرەکانی کاندیدەکان تەواو نەبووە و 9ـی مانگ بەهێزترین رۆژی بانگەشە دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەحمەد مازن، بەرێوەبەری راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە ئۆفیسی هەولێر، بە ئامانج ساڵح، پەیامنێری "کوردستان تیڤی"ی راگەیاند: "بەهۆی پێشخستنی وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، بانگەشەکە سارد و سڕی پێوە دیارە".
ئەحمەد مازن گوتی، زۆرێک لە کاندیدەکان پۆستەر و پیداویستییەکانی بانگەشەیان ئامادە نەبوو چونکە بڕیار وابوو 9ـی مانگ یەکەم رۆژی بانگەشە بێت، بەڵام لە ناکاو کارەکان خێرا کران و بانگەشەکە پێشخرا ئەمەش وایکرد بانگەشە سارد و سڕی پێوە دیار بێت.
بەرێوەبەری راگەیاندنی کۆمسیۆن لە ئۆفیسی هەولێر دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوو بانگەشەکە گەرم وگوڕتر دەبێت بە تایبەت 9ـی ئەم مانگە چونکە پۆستەر و وێنەکانیان لەلایەن دیزاینەرەکانەوە تەواو دەبێت و "دەتوانم بڵێم سەرەتای بانگەشەی راستەقینەیە".
سەبارەت بە پیشێلکاری ئەحمەد مازن گوتی، هیچ پێشێلکارییەک لە لایەن بازنەی هەولێرەوە نەبووە و هیچ کاندیدێک پێش وادەی خۆی ریکلام و پۆستەری بڵاو نەکردووەتەوە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.