ئابووریناسێکی عێراقی پێی وایە ئەمریکا بە پێنج هۆکار پشتیوانی لە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات.
نەبیل مەرسومی، کە ئابووریناس و مامۆستای زانکۆیە، لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند: واشنتۆن بە هۆی پێنج هۆکارەوە پشتگیریی رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر دەکات، هەر یەکەیان گرینگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە.
بە ڕای ئەو ئابووریناسە، هۆکارەکانی پشتگیریی واشنتۆن بۆ رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بریتین لە:
یەکەم: لەگەڵ داخستنی هێڵی بۆریی تورکیا لە مانگی ئازاری 2023وە، بڕێک نەوت بە تانكەر گواسترایەوە بۆ ئێران و تورکیا لەکاتێکدا کە بەدوای بازاڕی جێگرەوەدا دەگەڕان. لەلایەکی ترەوە، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە کوردستانەوە یارمەتیدەرە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی ئەگەری هەناردەی نەوتی ئێران، کە واشنتۆن ڕایگەیاندبوو وەک بەشێک لە سیاسەتی "زۆرترین گوشار"ی ترامپ دژی ئێران، هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ سفر کەم دەکاتەوە.
دووەم: کەمکردنەوەی قاچاخچێتی نەوتی عێراق بۆ تورکیا و ئێران.
سێیەم: بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکان کە لە کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە.
چوارەم: ڕێککەوتنەکە یارمەتیدەر دەبێت لە دروستکردنی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی سەقامگیرتر لە سەرانسەری عێراقدا لە بەرژەوەندی کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
پێنجەم: پاراستنی نرخی نزمی نەوت کە یارمەتیدەرە لە کۆنترۆڵکردنی ئاستی هەڵاوسان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.