Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 19:35

حەماس بە مەرج پلانی ترەمپ بۆ ئاگربەست قەبووڵ دەکات

کوردستان TV
100%

ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل رایگەیاند تا چەند کاتژمێری داهاتوو، ڕێکخراوی حەماس بە پێشنیارکردنی چەند گۆڕانکارییەک، پلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە قەبووڵ دەکات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 3ـی تشرینی یەکەم، ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، ڕێکخراوی حەماس لە چەند کاتژمێری داهاتوودا پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە قەبووڵ دەکات بەڵام کۆمەڵێک گۆڕانکاری بۆ هەموارکردنەوەی پلانەکە پێشنیار دەکات.

سەرچاوەکەی تایمزی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە گفتوگۆی ناوبژیوانەکان و لەوانەش میسر، قەتەر و تورکیا لەگەڵ حەماس، کاریگەریی لەسەر ئەم بڕیارەی حەماس هەبووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە "حەماس بە مەبەستی نەرمکردنەوەی ناوەرۆکی هێندێک لە بڕگەکانی پلانەکەی ترەمپ، داوای کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە پلانەکەدا دەکات و کە بابەتەکانی کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە و چەککرانی حەماس لە خۆ دەگریت.

تایمزی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە بنیامین نەتانیاهۆ لە دوایین چرکەکانی ئامادەکردنی پلانەکەدا توانیویەتی چەند بڕگەیەکی پلانەکە بە شێوەیەک بگۆڕێت کە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە، هێدیتر و سنووردارتر بکات و لە بەرانبەریشدا مەرجەکانی چەککردنی حەماس و ناسەربازیکردنی غەززە توندتر کراوە.

پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنانی بە شەڕی غەززە داوا دەکات حەماس لە ماوەی 72 کاتژمێردا هەموو بارمتەکان ئازاد بکات، چەک دابنێت و هیچ ڕۆڵێکی لە ئیدارەی داهاتووی غەززەدا نەبێت.

بە پێی پلانەکە ئەگەر حەماس مەرجەکان قەبووڵ بکات، شەڕ دەمودەست ڕادەوەستێ و هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل بەرەبەرە لە غەززە دەکشێنەوە و هێزێکی نێودەوڵەتی جێی ئەوان دەگرێتەوە.

ترەمپ رۆژی سێشەممە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم پلانە سێ تا چوار ڕۆژی دەرفەت بە حەماس دابوو پلانەکە قەبووڵ بکات و هۆشداریشی دابوو هیچ دەرفەتێکی زیاتر بۆ دانوستان نەماوەتەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.