Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 17:19

لە هەولێر بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن چەند رێنماییەكی بڵاو دەكرێتەوە

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چەند رێنماییەك بڵاو دەكاتەوە و داوا لە لایەنە سیاسی و بەربژێرەكان دەكات پێیەوە پابەند بن.

لە راگەیەنراوەكەی هاتوچۆی هەولێر هاتووە "بەهۆی دەستپێکردنی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق، داوا لە سەرجەم لیست و ڕەوت و لایەنە سیاسی و بەربژێرەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن دەکەین کە لەو ماوەیەی ڕێگەپێدراوە بۆ بانگەشەکردن رێنماییەكان جێبەجێ بكەن".

رێنمایی و داواكارییەكانی هاتوچۆی هەولێر بریتین لە (وێنە و پۆستەری بەربژێرەکان و بڵاو کراوەکانیان بەستوونەکانی ترافیک لایت و هێماکانی هاتوچۆ هەڵنەواسن، وێنەی گەورە لە نزیک سوڕانەوەکان و سەر شۆستەی چوار ڕیانەکان دانەنێن کە ببێتە هۆکاری بەربەستی بینین لەبەردەم شوفێران، پۆستەرە گەورەکان بەباشی بچەسپێنن بۆ ئەوەی بەهۆی ڕەشەباوە بەرنەبنەوە سەر شەقامەکان و زیان بە ئۆتۆمبێل و بەکارهێنەرانی شەقام نەگەیەنن، جامی ئۆتۆمبێل و ژمارەی تابلۆكان دانەپۆشن بە ئاڵا و لۆگۆ و وێنەی بەربژێرەکان).

هاتوچۆی هەولێر داواشی لە بانگەشەکاران كرد، لە دواوەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر سەرنەکەون و جەستەیان لە جام و سلایدی ئۆتۆمبێلەکان نەهێننە دەرەوە، ڕێگە و شەقامە گشتییەکان نەگرن لەپێناو و دروستنەبوونی جەنجاڵی هاتووچۆ و پاراستن و سەلامەتی گیانیان و ڕوونەدانی ڕووداوی هاتوچۆی نەخوازراو .

هیواشی خواست وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کەشێکی هێمن و دیموکراسیدا بەڕێوە بچێت دوور لە سەرپێچی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ.

بڕیارە سبەی هەینی رێكەوتی 3/10/2025 هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی  عێراق دەست پێ بكات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.