Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 11:12

تورکیا داراییەکانی ژمارەیەک کەس و دامەزروەی ئێرانیی بلۆک کرد

کوردستان TV
100%

حکوومەتی تورکیا داراییەکانی ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی و دامەزراوەی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی بلۆک کرد.

بە پێی فەرمانێکی سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕاگەیاندرا، سەرجەم ئەو کەسایەتی و دامەزراوانەی دەستیان لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێراندا هەیە، لەوانەش کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی و ناوەندەکانی توێژینەوە و دامەزراوەکانی وزە، گەمارۆیان دەخرێتە سەر و داراییەکانیان بلۆک دەکرێت.

ئەردۆغان بە ئاراستەی جێبەجێکردنی میکانیزمی سناپ باک و لە درێژەی جێبەجێکردنی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر ئێران، ئەم فەرمانەی واژۆ کردووە.

ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، بانکی سپە، بانکی سپە ئینترناشناڵ، ناوەندی توێژینەوەی سووتەمەنیی ئەتۆمیی ئیسفەهان، ناوەندی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئیسفەهان، ناوەندی تویژینەوەی ئەتۆمیی کەرەج، ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمیی کشتوکاڵ و پزیشکیی ئێران، ناوەندی کەشتیڤانیی ئێران-هیند، کۆمپانیای "انرژی نوین"، کۆمپانیای "پارس تراش"، کۆمپانیای "جابر بن حیان"، کۆمپانیای پیشەسازیی وزەی "پیشگام" و کۆمپانیای هێڵی کەشتیڤانیی باشووری ئێران، بەشێک لەم دامەزراوانەن کە کەوتوونەتە لیستی ڕەشی تورکیاوە.

هاوکات هەریەک لە ئەمریکا، کانادا و بریتانیا رایانگەیاندووە، جیا لە چالاککردنەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆمەڵێک گەمارۆی نوێی دیکەش دەخەنە سەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.