ئاسایش و پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباریان ڕاگەیاند، کە لە دوو ڕووداوی جیادا کەسێکیان کوشتووە و کەسێکی دیکەشیان بە سەختی بریندار کردووە. تۆمەتبارەکان لە کاتی هەڵاتنیان بۆ دەرەوەی شار، لە بازگەی شێراوە دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری تاوانێکی کوشتنیان ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، شەوی 28ـی ئەیلوولی 2025، کاتژمێر 11:30 خولەک لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لەسەر شەقامی کەرکووک لە نزیک بەشە ناوخۆیی شەهید شەوکەت، هاووڵاتییەک بە ناوی (یووسف محەمەد ڕەشید) لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کوژرا.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستبەجێ تیمەکانی ئاسایش و پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و لە ماوەیەکی کەمدا ناسنامەی بکوژەکانیان ئاشکرا کرد کە چوار تۆمەتبار بوون.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، تۆمەتباران شەوی 30ـی ئەیلوول، لەسەر هەمان کێشە تەقەیان لە هاووڵاتییەکی دیکە کردووە بە ناوی (دڵشێر محەمەد) و بە سەختی برینداریان کردووە.
ئاسایش و پۆلیسی هەولێر دەڵێن، تۆمەتبارەکان دوای ئەنجامدانی ئەم دوو تاوانە، نیازیان هەبووە بۆ دەرەوەی شاری هەولێر هەڵبێن، بەڵام دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەر و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی بازگەکان، لە بازگەی شێراوە سەرجەم تۆمەتبارەکان دەستگیر کران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.