Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 14:42

شاخەوان عەبدوڵا هەواڵێكی خۆش دەگەیەنێتە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان

کوردستان TV
100%

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پیرۆزبایی لە سەرجەم كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كرد بەبۆنەی دەرچوونی بڕیاری سوودمەندبوونیان لە چەندین ماف و ئیمتیاز هاوشێوەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی عێراق.

دەزگای شەهیدانی عێراق بە نووسراوێكی فەرمی بڕیاری دا، سەرجەم ئەو مافانەی بە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی عێراق دراوە، كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی دانیشتووی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەم مەبەستە پیرۆزبایی لە سەرجەم کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی کەرکووک و تەواوی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی دەركردنی ئەم بڕیارەوە.

شاخەوان عەبدوڵا جەختیشی كردەوە كە سەرجەم بڕیار و مافەكان چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و گشتاندنیان بۆ كراوە.

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا: پشتیوان بە خودای گەورە بەهەمانشێوە رێنمایی جێبەجێکردنی گەڕانەوەی زەوییەکان و زیندانی سیاسی و هەڵبجە و هەموو ئەو یاسانەی ئێمە لەم خولەی پەرلەمانی عێراق دەرمان چواند، لێرە بڵاو دەکەینەوە.

بەگوێرەی بڕیارەكەی دەزگای شەهیدانی عێراق، بۆ لەمەدوا كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی دانیشتووی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە چەندین ماف و ئیمتیاز سوودمەند دەبن، لەوانە بەخشین لە باج و گواستنەوەی فەرمانگە و وەرگرتن لە خوێندنی باڵا و درێژكردنەوەی ماوەی خانەنشینی و وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی لە دەرەوەی وڵات.

هەر لە نووسراوەكەی دەزگای شەهیدان ئاماژەی بەوەشدراوە كە ئەو ماف ز ئیمتیازاتانە هەریەك لە (دایك و باوك و منداڵان، هاوژین، خوشك و برا، منداڵی كوڕ و كچ)ی شەهیدان و ئەنفالكراوان لێی سوودمەند دەبن.

وێنە: نووسراوی دەزگای شەهیدانی عێراق بۆ سوودمەندبوونی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان:-

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.