Erbil 31°C یەکشەممە 28 حوزەیران 17:59

یاسای توندکردنی سزای سیخوڕی لە ئێران پەسند کرا

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێران ڕایگەیاند پرۆژەیاسای توندکردنی سزای سیخوڕی دوای هەموارکردنەوەیەکی بچووک لە لایەن پەرلەمانەوە پەسند کراوە.

رۆژی چوارشەممە 1ـی تشرینی یەکەم، هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری ئێران ڕایگەیاند پرۆژەیاسای توندکردنی سزای سیخوڕی دوای ئەوەی لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە هەموار کرایەوە، لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستووریشەوە پەسند کراوە و ئێستا بە فەرمی بووەتە یاسا و کاری پێ دەکرێت.

بە پێی ئەم یاسایە، هەر جۆرە چالاکییەکی هەواڵگری و سیخوڕی یا کردەوەی مەیدانی بۆ حکوومەت و گرووپە دوژمنکارەکان سزای لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی داراییەکانی بەدوادا دێت. بە پێی ئەم یاسایە، ئەمریکا وەک دوژمن هاتووەتە ئەژمار و  ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەسەڵاتی ئەوەی پێ دراوە، حکوومەت و گرووپە دوژمنکارەکانی دیکە دەستنیشان بکات. وەزارەتی ئیتلاعاتیش لە دیاریکردنی تۆڕە دوژمنکارەکانی ناوخۆیی بەرپرسیارە.

بە پێی ئەم یاسایە ناردنی ڤیدیۆ و زانیاری بۆ کاناڵە تەلەفزیۆنییەکانی دوژمنکار یا بێگانە کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتمانی، سزای قورسی دەبێت.

57 یاساناسی ئێران لە راگەیاندراوێکدا دژایەتیی خۆیان بەرانبەر بە پەسندکرانی ئەم یاسایە دەربڕیوە و جەختیان کردووەتەوە بە پەسندکرانی بەپەلەی ئەم یاسایە چەندین ماددەی دەستووری ئێران پێشێل کراوە و وەک کارەساتێکی گەورە بۆ سیستەمی یاسایی و دادوەریی ئێران ناویان بردووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.