Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 21:32

نێچیرڤان بارزانی: هەرێمى کوردستان شانازی بە کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیى لەنێوان پێکهاتەکاندا دەکات

کوردستان TV
100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی کەنیسەی ئەتۆدۆکسی رووسی ڕایگەیاند هەرێمى کوردستان شانازیى بە کولتوورى پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیى لەنێوان پێکهاتەکاندا دەکات و هەمیشە پارێزەرى ئەو کولتوورە دەبێت.

بەیانیى ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازیى لە شاندێکى کەنیسەى ئەرتۆدۆکسى ڕووسى بە سەرۆکایەتیى مەتران ئەنتۆنى، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە و ژمارەیەک لە پیاوانى ئایینیى کەنیسەکە‌ کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە کونسوڵى گشتیى ڕووسیا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو، دۆخى پێکهاتەکان بەتایبەتى مەسیحییەکان لە هەرێمى کوردستان، پەیوەندییەکانى کەنیسەى ئۆرتۆدۆکسى ڕووسى لەگەڵ کۆمەڵگە و کەنیسە مەسیحییەکان لە هەرێمى کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانى ڕووسیا لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان، تاوتوێ کران.

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وێڕاى بەخێرهێنان و دەربڕینى خۆشحاڵى بە سەردانەکەیان، سەردانەکەى بە نیشانەیەکى گرنگى پشتگیرى لە هەرێمى کوردستان لە قەڵەم دا. بەڕێزیان هەروەها دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان شانازیى بە کولتوورى پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیى لەنێوان پێکهاتەکاندا دەکات و هەمیشە پارێزەرى ئەو کولتوورە دەبێت.

شاندى ناوبراو‌ کە هەفتەى ڕابردوو بۆ بەشداریى لە کۆنفرانسێکى کەنیسەى ڕۆژهەڵاتیى ئاشوورى سەردانى هەولێریان کردبوو، خۆشحاڵیى خۆیان بە سەردانى هەرێمى کوردستان دەربڕى، هەروەها ستایشى پێکەوەژیانى نێوان پێکهاتە ئایینى و نەتەوەیییەکانیان لە هەرێمى کوردستان کرد و سوپاس و پێزانینیان بۆ پاراستنى ماف و ئازادییەکانیان دووپات کردەوە.

دیدار و چاوپێکەوتنەکانى شاندەکە لەگەڵ نوێنەرانى پێکهاتە ئاینییەکان لە هەرێمى کوردستان، قۆناغەکانى پەیوەندییى مێژووییى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ڕووسیا، گرنگیى گفتوگۆ و دیدارى نێوان پێکهاتە ئایینى و نەتەوەیییەکان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەرەوە، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.