Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 15:57

ئەنجومەنی وەزیران پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی تاوتوێ دەکات

کوردستان TV
100%

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەڕێوە دەبات و سێ بڕگە تاوتوێ دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 01ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و بارودۆخی دارایی نوێی هەرێمی کوردستان و لە دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی سێ قۆڵیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم تاوتوێ دەکات. هەروەها هەڵوەشانەوەی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و پەسندکردنی پرۆژەی "ڕێبەری سەلامەتی" لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندایە

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە کە لە لایەن وەزیری دارایی و ئابووری و شاندنی دانوستانکاری هەرێمەوە دەخرێتە ڕوو، تایبەتە بە  تاوتوێکردنی بارودۆخی دارایی نوێی هەرێمی کوردستان و خەرجییەکان لە دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی سێقۆڵیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و بابەتی پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی و خستنەڕووی ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەم بڕگەیە.

 بڕگەی دووەم کە لە لایەن وەزیری داد و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەخرێتە ڕوو، تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی کارکردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ئەنجومەنەکە ژمارە (2132) لە 02-11-2020 کە بڕگەکانی ناگونجێت لەگەڵ یاسای نوێی فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت ژمارە (1)ی ساڵی 2021 که به نووسراوی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (3382) لە 15-09-2025، ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.

بڕگەی سێیەمیش کە لە لایەن وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەخرێتە ڕوو،  تایبەتە بە پەسەندکردنی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پڕۆژەی (ڕێبەری سەلامەتی) کە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە ئامادەکراوە، لە پێناوی پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و پێدانی دەسەڵات بە وەزیری ناوخۆ بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ڕێبەری سەلامەتی.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.