ئەندامێكی پەرلەمانی ئێران مەترسییەكی گەورە ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت كە ئیسرائیل دەستی بەسەر سەرجەم تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و تەنانەت كامێرا چاودێرییەكانی سەر شەقامەكانيش لە ناوخۆی ئێراندا گرتووە و لە رێگەیەوە چركە بە چركە چاودێری هاموشۆی بەرپرسان دەكات.
مەحموود نبوویان جێگری لیژنەی ئاسایشیی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران قسەی بۆ میدیایەكی وڵاتەكەی كردووە و گوتوویەتی: هەر شتێك بە ئینتەرنێت بەسترابێتەوە لەلایەن تەلئەڤیڤەوە كۆنتڕۆڵ كراوە و دەستی بەسەردا گیراوە.
هەروەها گوتوویەتی: هیچ جیاوازییەک لەنێوان تۆڕە كۆمەڵایەتی و ئەپە ناوخۆیی و جیهانییەكاندا نییە، بۆ نموونە واتسئاپ بێت یاخود تۆڕی كۆمەڵایەتی تایبەتی ئێرانی (ئیتا)، ئیسرائیل زۆر بە ئاسانی دەستی بە هەموویان دەگات.
دیسان گوتوویەتی: بە كورتییەكەی ئیسرائیل هەموو زانیارییەكانی بەرپرسانی ئێران دەزانێت و لەژێر دەستی دایە.
ئەندامەكەی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش داوە: بابەتەكە تەنیا پەیوەندی بە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و پەیوەندیكردنەوە نییە، بەڵكو كامێرای چاودێریی سەر شەقامەكانیش لەژێر دەستی ئیسرائیلدایە و ئۆتۆمبێلی بەرپرسان چاودێری دەكرێت، بۆ نموونە دەزانن مەسعوود پزیشكیان و محەمەد باقر قالیباف بەرەو كوێ دەچن و كۆبوونەوەكانیان لە كوێن.
جەختیشی كردەوە كە هەموو جووڵەیەک لە ناوخۆی ئێران زۆر بە وردی چاودێری دەكرێت جا لە رێگەی ئینتەرنێت یاخود ژیانی گشتی بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.