سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا، پێشوازی لە پێشنیازەکەی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا کرد بۆ ئاشتی، کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بەو جەنگەی نزیکەی دوو ساڵە لە غەززە بەردەوامە.
ڕۆژی سێشەممە،30ـی ئەیلول، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند دەبێت شەڕ کۆتایی بێت لەگەڵ گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بەپەلە بە دانیشتوانی غەززە و ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو بارمتەکان.
ڤۆن دێر لاین لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، جەختی لەوە کردەوە کە "چارەسەری دوو دەوڵەت تاکە ڕێگەی گونجاوە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل و فەلەستینییەکان."
هەروەها باسی لەوەکرد "هەموو لایەنەکان هان دەدات بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە" و گوتیشی یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە بۆ بەشداریکردن.
سەبارەت بە یارمەتیی بەپەلەش، گوتی: "پێویستە کارە دوژمنکارییەکان کۆتاییان پێ بێت لەگەڵ پێشکەشکردنی یارمەتیی مرۆیی بەپەلە بۆ دانیشتوانی غەززە و ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو بارمتەکان."
شەوی ڕابردوو، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هەردووکیان ڕەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر پلانێکی ئاشتی کە پێشنیاری کردبوو بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان.
کۆشکی سپی بڕگەکانی ئەو پلانەی بڵاوکردەوە کە لە 20 بڕگە پێکدێت، دیارترینیان ئەوەیە لە کەرتی غەززە چەک داماڵرێت و لەلایەن لیژنەیەکی کارگێڕییەوە بەڕێوەببرێت، بەرێوبەرایەتییەکە بەبێ هیچ ڕۆڵێکی بزووتنەوەی حەماس، لە کەسایەتییە فەلەستینییە تەکنۆکراتەکان لەگەڵ شارەزایانی نێودەوڵەتی پێک دێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.