سامان عەبدوڵلا بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە کوردستان تیڤی رایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم دەرچووانی پۆلی 12 دەکەینەوە زانکۆی سەلاحەدین لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی بەشێکی تازەی بەناوی “ مامۆستای پۆل “ کردووهتهوه.
. بەشی (مامۆستای پۆل-معلم الصف-Classroom Teacher)؛ ساڵی خوێندنی 2025ـ2026 لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر دەکرێتەوە.
لە ماوەی چوار ساڵی خوێندندا، بەپێی "پێڤاژۆی بۆڵۆنا" بابەتی کۆڕسەکانی خوێندن رێکخراون.
شایەنی باسە؛ وەرزی هەشتەم کە وەرزی دووەمی قۆناغی چوارە، تەنها پێکهاتووە لە ئەنجامدانی راهێنان كردهیی لە قوتابخانەکاندا، ئەمەش دەرفەت دەدات بە قوتابییان کە لە ماوەی کۆرسێکی تەواو، تەنها فێربوونی کرداری ئەنجام بدەن.
بازاڕی کاری ئەم بەشە پەروەردەیی و زانستییه ئامادەکردنی کادیری ئەکادیمی پهروەردەییە بۆ قوتابخانە حکوومی و ئەهلییەکان، هەروەک چۆن دۆزینەوەی هەلی کاری گونجاوە بۆ دەرچووانی ئەم بەشە لە داهاتوودا.
مامۆستای پۆل: بریتییە لەو کادیرە ئەکادیمییە پەروەردەییەی کە تەواوی بابەتەکانی پڕۆگرامی خوێندن لە بازنەی یەکەمی خوێندنی بنەڕەتی(پۆلەکانی: یەک، دوو، سێ) دەڵێتەوە.
واتا: لە قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی، مامۆستای پۆل تەواوی بابەتەکان دەڵێتەوە، لە ساڵی دواتر لەگەڵ هەمان پۆل دەچێتە قۆناغی دووەم و سێیەم.
دەرچووانی بەشی مامۆستای پۆل، بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستدەهێنن و دهتوانن درێژه به خوێندن بدهن بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە ئاستەکانی دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا لە پسپۆڕیەکانی (رێگاکانی وانەوتنەوە، بەڕێوەبردنی پەروەردەیی، پڕۆگرامی خوێندن، تەکنیکی پەروەردەیی) .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.