كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاو دەكاتەوە كە بڕیارە رۆژی 11/11/2025 بەڕێوەبچێت.
نبراس ئەبوو سۆدە گوتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن رایدەگەیەنێت: ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بریتییە لە ملیۆنێك و 313 هەزار و 980 دەنگدەر.
راشیگەیاند: لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا ئاوارەكانیش لە كەمپەكان دەنگ دەدەن و ئەوانیش ژمارەیان 26 هەزار و 538 دەنگدەرە.
گوتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هەروەها رایگەیاند: دەنگدانی تایبەت 48 كاتژمێر پێش دەنگدانی گشتی ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە كە هێزە ئەمنییەكان لە رۆژی هەڵبژاردنی گشتیدا ئەركیان پاراستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و سندووقەكانی دەنگدان دەبێت.
نبراس ئەبوو سۆدە ئاماژەی بەوەش دا: سەرجەم هێزە ئەمنییەكان لە چەند بنكەیەكی دەنگدانی تایبەت كە پێشتر دیاری دەكرێن دەنگی خۆیان دەدەن، واتە بەگوێرەی شوێنی نیشتەجێبوون و شوێنی هێزە ئەمنییەكان خۆیان نابێت.
جەختیشی كردەوە كە سەرجەم دەنگدانی تایبەت بە كارتی بایۆمەتری خۆیان بەشداری پڕۆسەكە دەكەن و لە كاتی دەنگدانیشدا كارتەكەیان لێ دەستێنرێت و دواتر پێیان دەدرێتەوە، جگە لەوەش دوای دەنگدان راستەوخۆ ئەم كارتانە بۆ ماوەی 72 كاتژمێر رادەگیرێت و ناتوانرێت هیچ دەنگێكی دیكەی پێ بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.