سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە دانپێدانانی چەند وڵاتێك بە دەوڵەتی فەڵەستین رایگەیاند، رێگە نادەین هیچ دەوڵەتێك بەناوی فەڵەستین دروست ببێت.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: دوای گەڕانەوەم لە ئەمریكا، ئیسرائیل بەفەرمی وەڵامی دانپێدانانی بەشێك لە وڵاتان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەداتەوە.
نەتانیاهۆ هەروەها گوتی: پەیامێكی روونم بۆ ئەو سەركردانە هەیە كە دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستین داناوە دوای قەسابخانەكەی 7ی ئۆكتۆبەر، ئێوە خەڵات دەبەخشنە تیرۆر، هیچ دەوڵەتێكیش بەناوی فەڵەستین دروست نابێت.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: دەسەڵاتمان لە غەزە و ناوچەكانی دیكە فراوانتر دەكەین و لەسەر جێبەجێكردنی ئەو سیاسەتەش بەردەوام دەبین.
ئەمڕۆ یەكشەممە بەریتانیا و ئوستڕالیا و كەنەدا بەفەرمی دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستین دانا.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل وەڵامی هەرسێ دەوڵەتەكەی دایەوە و رایگەیاند: بەم بڕیارەتان ناسەقامگیری لە ناوچەكە زیاتر دەكەن.
جەختیشی كردەوە كە ئیسرائیل بەهەموو شێوەیەك دانپێدانانی وڵاتان بە دەوڵەتی فەڵەستین رەت دەكاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.