Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 18:29

ئەفغانستان وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: یەك بست خاكی ئەفغانستانت پێ نادەین

کوردستان TV
100%

سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەفغانستان وەڵامی سەرۆكی ئەمەریكا دەداتەوە سەبارەت بە ئەگەری دووبارە گەڕانەوەیان بۆ ئەو وڵاتە و دەڵێت "تەنانەت یەك بست خاكی ئەفغانستان بەچاوەكانی خۆت نابینی".

قاری فەسیحەدین فتڕەت سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەفغانستان ئەمڕۆ یەكشەممە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: هیچ رێككەوتن و دانوستانێك لەسەر بنكەی ئاسمانی باگرام ناكەین و تەنانەت یەك بستی خاكی ئەفغانستانیش نادەین بە ئەمریكا و هیچ وڵاتێكی دیكەی بیانی.

گوتیشی: بەهیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین سەربازی بیانی لەناو خاكی ئەفغانستان بوونی هەبێت، بەهەمانشێوە لە بنكەی ئاسمانی باگرامیش نابێت سەربازی بیانی هەبێت.

سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرای كرد كە دەیەوێت سوپای وڵاتەكەی بگەڕێتەوە ئەفغانستان و بنكەی ئاسمانی باگرام وەربگرێتەوە بەهۆی گرینگی شوێنە ستراتیژییەكەی كە نزیكە لە وڵاتی چینەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی لە ئەگەری گەڕانەوەی سەربازانی وڵاتەكەی بۆ ئەفغانستان و بەتایبەتیش بنكەی ئاسمانی باگرام كرد.

ترەمپ لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا گوتی: كاتی خۆی دەبوو بە بەهێز و كەڕامەتەوە ئەفغانستان جێبهێڵین و لە هەمانكاتیشدا بنكەی سەربازیی باگرامیش هەر بەدەستمانەوە بێت، بەڵام بەداخەوە ئەم گەورەترین بنكە ئاسمانییەی جیهانمان بەخۆڕایی رادەست كرد.

گوتیشی: بەم بۆنەیەوە ئێستا دەمانەوێت دووبارە ئەم بنكە سەربازییە ئاسمانییە وەربگرینەوە.

دۆناڵد ترەمپ هەروەها گوتی: رەنگە ئەمە هەواڵێكی بچووك بێت، بەڵام پێتان رادەگەیەنم كە خەڵكی ئەفغانستان و ئێمەش دەمانەوێت دووبارە ئەم بنكە سەربازییە وەربگرینەوە.

سەبارەت بە هۆكاری دووبارە گەڕانەوەیان بۆ ئەفغانستان، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: وەك لای هەمووان زانراوە كە لەم بنكە سەربازییەوە بە چەند كاتژمێرێكی كەمی رێكردن بە ئۆتۆمبێل دەگەیتە ئەو ناوچەیەی كە چەكی ئەتۆمی چینی تێدا دروست دەكرێت.

سوپای ئەمریكا لە ساڵی 2021 بڕیاری كشانەوەی لە ئەفغانستان دا بەتایبەتیش لە بنكەی ئاسمانی باگرام كە ئەو كات 800 هەزار سەربازی ئەمریكی تێدا بوو.

دوای كشانەوەی سوپای ئەمریكا، بزووتنەوەی تاڵیبان سەرجەم ناوچەكانی ئەفغانستانی گرتەوە دەست و لە رۆژی 15ی ئابی 2021 شاری كابوولی پایتەختی كۆنتڕۆڵكردەوە و حكوومەتی نوێی پێكهێنا.

دۆناڵد ترەمپ پێش هەڵبژاردنەكان و بوونەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، چەند جارێك جەختی لەوە كردبووەوە كە ئەگەر بێتەوە دەسەڵات سەرجەم ئەو فەرماندە و ئەفسەرانەی ئەمریكا سزا دەكات كە دەستیان لە بڕیاری كشانەوە لە ئەفغانستان هەبووە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.