سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کوردستان پێشوازیی لە دوو شاندی سەربازیی هاوپەیمانان کرد و پرسی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، لە دوو دیداری جیادا، پێشوازی لە دوو شاندی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیداری یەکەمدا، سەرۆکی ئەرکان، پێشوازیی لە ژێنڕاڵ دەگ گارشۆڵ، پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی نەرویج لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. لەو دیدارەدا باس لە ڕەوشی هەنووکەییی پێشمەرگە و ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرا. پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی نەرویج لە عێراق، ڕۆڵی پێشمەرگەی لە شەڕی دژی تیرۆر بەرز نرخاند و پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
لە دیداری دووەمدا، سەرۆکی ئەرکان، پێشوازیی لە کۆڵۆنێڵ دێک پایلویک، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسولخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد، لەو دیدارەدا ڕەوشی سەربازیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خرایە بەر باس، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش پەسنی هەوڵ و هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی، لە بواری چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزەکان کرد و خۆشحاڵی خۆشیان بە دەرکەوتنی نیشانەکانی سەرخستنی پرۆسەی ڕیفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی و پاڵپشتییان بۆ سەرخستنی یەکجاریی پرۆسەکە ڕاگەیاند.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.