حکوومەتی تاڵیبان ئهمڕۆ چوارشەممە 17ی ئهیلول، ئینتهرنێتی لە چەند پارێزگایەکی ئەفغانستان سنووردار کرد و بەرپرسانی تاڵیبان ئەو ڕێوشوێنەیان وەک ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی خراپهكاریی و گەندەڵی ئەخلاقی هێنایەوە.
ئاژانسی ههواڵی " فرانس پرێس" بڵاویكردووهتهوه: لە پارێزگای بەلخ (باکوور)، ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیک بە تەواوی بلۆک کراوه و تۆڕەکە به تهواوی پچڕاوه لهسهر خهڵك، ئهوهش لەسەر فەرمانی هیباتوڵڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی باڵای تاڵیبان، بە گوتەی عەتاوڵا زەید، گوتەبێژی پارێزگاکە.
گوتەبێژەکە رۆژی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێكس" روونیکردەوە: "ئەم رێکارە بۆ مهبهستی رێگریکردن لە خراپەکاری گیراوەتەبەر، هەروەها بژاردەی بەدیل لە وڵاتەکەدا دابین دەکرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان".
پەیامنێری ئاژانسی "فرانس پرێس" له ئهفغانستان پشتڕاستی کردەوە کە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە ناوچەکە تەنها لە رێگەی تۆڕی تەلەفۆنەوە بەردەستە، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەموو دابینکەرانی خزمەتگوزارییەکان کاریگەرییان لەسەر بووە.
بهگوێرهی بهدواداچوونی "فرانس پرێس" ، بڕیارهكهی حكوومهتی تاڵیبان ناوچەکانی باداخشان و تەخار لە باکوور و لە باشووریش بۆ قەندەهار، هێلمەند و ئوروزگانی گرتووهتهوه.
هاوكات، گوتەبێژانی حکوومەت و وەزارەتی پەیوەندییەکان تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان به فهرمی لەسەر ئەو ڕێوشوێنانە نەداوه بۆ میدیاكان و رای گشتی.
هاوكات ههر ئهمڕۆ چوارشهممه ، کارمەندێکی کۆمپانیای ئەهلی لە کابول کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووه: کە فایبەر ئۆپتیک باوترین تەکنەلۆجیایە لە ئەفغانستان، ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکار و وردەکاریی هەنگاوەکەی تاڵیبان نازانین، بهڵام وهكو خۆی دهڵێت ، ئەگەر ئەم کێشەیه چارەسەر نەکرێت، ئهوا زیانێکی گەورەیان بهر دهكهوێت.
روونیشیکردەوە: "ئەگەر لەکاتی خۆیدا وەڵامی ئیمەیڵەکانی موشتەریەکانمان لە دوبەی و هیندستان نەدەینەوە، ناتوانین بەردەوام بین لە کارەکەمان.
بهگوێرهی زانیارییهكان: ئەم رێوشوێنە هێشتا لە پارێزگای نەنگەرهار (باشووری ڕۆژهەڵات) جێبەجێ نەکراوە، بەڵام قوڕەشی بەدەڵۆن گوتەبێژی وەزارەتی راگەیاندن و رۆشنبیری رایگەیاندووە کە پێشبینی دەکات لە سەرانسەری وڵاتدا لە رۆژانی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.
لە ساڵی 2024 کابول رایگەیاند کە کێبڵی فایبەر ئۆپتیک بە درێژایی 9350 کیلۆمەتری کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پێشووەوە لە سەرەتای ساڵانی 2000 دانراوه كه هۆكارێكه بۆ نزیککردنەوەی وڵات لە جیهان و نەهێشتنی هەژاری.
لە دوای گەڕانەوەی بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی 2021، بزووتنەوەی تاڵیبان لەسەر بنەمای لێکدانەوەی تووندی یاسای ئیسلامیی یاساكانی سەپاندووە، ئهوهش كاردانهوه و نیگهرانی ناوخۆیی له وڵاتهكه بهدوای خۆیدا هێناوه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.