Erbil 31°C ھەینی 11 ئەیلوول 14:17

بارەگای بارزانی پەیامێكی سەرەخۆشی بۆ كۆچی دوایی ئیبراهیم گاباری بڵاو دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

بارەگای بارزانی لە پەیامێكی سەرەخۆشیدا بەهۆی كۆچی دوایی ئیبراهیم گاباری رایدەگەیەنێت "سەرۆك بارزانی بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی ئەم كەسایەتییە كوردپەروەرەی ڕۆژئاوای كوردستان خەمبار بووە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكارەكەی دەكات".

لە پەیامەكەی بارەگای بارزانیدا هاتووە "ئیبراهیم گاباری تەمەنێكی دوورودرێژی بۆ خەباتی كوردایەتی لە شۆڕشی ئەیلوول و قۆناغەكانی تری خەباتی گەلەكەمان تەرخان كردبوو، لەو ڕێگەیەشدا ئاوارەیی و زیندان و كوێرەوەرییەكی زۆری بینیوە".

دەقی پەیامە سەرەخۆشییەكەی بارەگای بارزانی بۆ كۆچی دوایی ئیبراهیم گاباری:-

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی تێكۆشەر و خەباتگێڕی كورد (ئیبراهیم گاباری)ـمان پێ گەییشت.

خوالێخۆشبوو ئیبراهیم گاباری كەسایەتییەكی كوردپەروەری ڕۆژئاوای كوردستان بوو كە تەمەنێكی دوورودرێژی بۆ خەباتی كوردایەتی لە شۆڕشی ئەیلوول و قۆناغەكانی تری خەباتی گەلەكەمان تەرخان كردبوو و لەو ڕێگەیەدا ئاوارەیی و ماوەیەكی زۆری زیندان و كوێرەوەری بینیوە و خۆی و خانەوادەكەی كایگەرییەكی زۆریان لەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لە سووریا هەبووە و نموونەی خەباتگێڕێكی ڕاستەقینە و وەفادار بووە.

جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی كە خوالێخۆشبوو ئیبراهیم گاباری لە چەندین قۆناغی سەختدا لە نزیكەوە ناسیوە، بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی ئیبراهیم گاباری خەمبار بووە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكارەكەی دەكات.

بەم بۆنەوە پرسە و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و دۆستان و ئاشناییانی خوالێخۆشبوو ئیراهیم گاباری و هەموو تێكۆشەر و خەباتگێڕانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.

لە خودای گەورە داواكارین ڕۆحی خواڵێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیە راجعون

بارەگای بارزانی

15ـی ئەیلوولی 2025

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.