کۆنسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان و سەقامگیری و ئاسایش و کارئاسانی تێیدا لەبار و گونجاوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا پێشوازیی لە شێخە بەشیر فەرحان، کۆنسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا کۆنسوڵی گشتیی ئیمارات جەختی لە بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی ئیمارات و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا کردەوە و سپاسی پشتگیریی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە کار و چالاکییەکان و هاوکارییە مرۆڤییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان کرد.
شێخە بەشیر فەرحان ئاماژەی بەوەش کرد بەشێک لە بازرگانان و وەبەرهێنەرانی ئیمارات دەیانەوێت سەرمایەکەیان لە هەرێمی کوردستان بخەنە کار لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان ژینگەیەکی گونجاوە و سەقامگیریی ئاسایش وکارئاسانی تێیدا لەبارە.
لە بەرامبەردا پارێزگاری هەولێر باسی لە سروشتی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرد و رایگەیاند خۆشبەختانە ئێستا پەیوەندییەکان لە ئاستی سەرکردە باڵاکانی هەردوو لایە.
ئومێد خۆشناو گوتیشی ئیمارات بۆ هەرێمی کوردستان مانایەکی گەورەی هەیە و لە ڕۆژە سەختەکانی شەڕی دژی تیرۆریستان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی مرۆیی و تەندروستیدا. ئاماژەی بەوەش کرد مانگی سووری ئیماراتی، لە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سور لە هەولێر، سەخاوەتی زۆریان نواندووە.
بە گوتەی ئومێد خۆشناو جیا لەم هاوکارییە مرۆییانە، ئیمارات بووەتە دەروازەی گرنگی بازرگانی و هاوردکردنی شمەک لە وڵاتانی جیهانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.