بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، زیاتر لە 571 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان لەناوبردووە، کە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو. لەناوبردنەکە بە بڕیاری دادگا و لەسەر 133 دۆسیەی یەکلاکراوە بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، لیژنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان هەستا بە لەناوبردن و سووتاندنی بڕی (571.446) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ماددەکان پێکهاتبوون لە جۆرەکانی کریستاڵ، هێرۆین، تلیاک، حەشیش، ماریجوانا، ترامادۆڵ، کریستاڵی شل و پارچەیەک مافووری رووپۆشکراو بە ماددەی هۆشبەر.
ئەو ماددانە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن بەشی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دهۆکەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پرۆسەی لەناوبردنەکە دوای ئەوە هات کە 133 دۆسیەی پەیوەست بەو ماددانە لە دادگا یەکلایی بوونەوە و بڕیاری کۆتاییان وەرگرتووە، کە مێژووەکەیان لەنێوان ساڵانی 2009 بۆ 2025 ـدایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.