بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن شارەزایانی ئابوورییەوە ئەنجام دراوە شەپۆلەکانی گەرما و وشکەساڵی و لافاو، لە هاوینی 2025، بە بەهای 43 ملیار یۆرۆ زیانیان بە ئابووریی ئەوروپا گەیاندووە.
ڕۆژی دووشەممە، 15ـی ئەیلوول، سەحەر عوسمان لە زانکۆی مانهایم لە ئەڵمانیاوە بە هاوکاریی دوو بەشداربوو لە بانکی ناوەندیی ئەوروپا، توێژینەوەیەکی بڵاو کردەوە کە پشت بە داتا و کەشوهەوا و مۆدێلە ئابوورییەکان دەبەستێت بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی ڕووداوە سەختەکانی کەشوهەوا.
توێژینەوەکە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکان لە کاتی لافاودا، وەک وێرانکردنی ڕێگاوبان و بینا و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، لەبەرچاو دەگرێت، هەروەها دەرئەنجامە ناڕاستەوخۆکان وەک زیانەکانی بەرهەمهێنان کە بۆ کاتی نۆژەنکردنەوەی کارگەیەک پێویستە.
هەروەها توێژینەوەکە کاریگەرییە درێژخایەنەکانیش دەگرێتەوە. سەحەر عوسمان ئاماژەی بەوەدا "تێچووی ڕاستەقینەی ڕووداوە سەختەکانی کەشوهەوا زۆر زیاترە لە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانیان". توێژینەوەکە مەزندە دەکات کە تا ساڵی 2029، کۆی تێچووەکانی کارەساتەکانی ساڵی 2025 لەوانەیە بگاتە 126 ملیار یۆرۆ.
ئیسپانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا وەک وڵاتانێک کە زۆرترین زیانلیان بەرکەوتووە دەردەکەون، کە هەریەکەیان ئەمساڵ زیانیان گەیشتووەتە زیاتر لە 10 ملیار یۆرۆ. ئەم زیانانە لەوانەیە لە ماوەی مامناوەند دا لە 30 ملیار یۆرۆ تێپەڕێنێت، چونکە ئەم هاوینە شایەتی زیادبوونی شەپۆلەکانی گەرما و وشکەساڵی بووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.