بە ڕەزامەندیی هەردوو حکوومەتی عێراق و ئێران، دەروازەی سنووریی چیلات لە نێوان پارێزگای میسان و پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکرێتەوە.
رۆژی سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، نوێنەری شارەکانی باشووری پارێزگای ئیلام بە ئاژانسی ئیرنای ڕاگەیاند لە پاش ڕەزامەندیی پارێزگاری میسان و پشتیوانیی باڵیۆزەکانی ئێران و عێراق، هەموو ژێرخانەکانی پێویست بۆ کرانەوەی دەروازەی نێودەوڵەتیی چیلات ئامادە کراوە.
ئەسەدوڵڵا چراغی، نوێنەری شارەکانی ئاودانان، بەدرە، دێهلوڕان و دەرەشار لە پەرلەمانی ئێران گوتیشی هەر دوو وڵاتە بە نووسراوەی فەرمی ڕەزامەندیی خۆیان بۆ کردنەوەی ئەم دەروازە نێودەوڵەتییە دەربڕیوە و ئێستا لە دیوی ئێرانەوە ژێرخانە پێویستەکانی وەک ڕێگا، دامەزراوەکانی گومرک و سنوورپارێزی ئامادە کراون.
ئاشکراشی کرد لە دوایین کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ شاندی پارێزگای میسان بڕیار دراوە، پارێزگاری میسان بە فەرمی نامەیەک بۆ ئەو مەبەستە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بنێرێت و لە ئامادەبوونی ژێرخانەکان بۆ کردنەوەی دەروازە نێودەوڵەتییەکە ئاگاداری بکاتەوە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی چیلات لە سنووری ئیدارەی شاری دێهلورانی پارێزگای ئیلامدا دەکرێتەوە. ئەم شارە 220 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ عێراق هەیە و یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکانی هاتوچۆی زیارەتکارانی شیعە بۆ مەزارگە پیرۆزەکانی باشووری عێراقە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.