وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سیستەمێکی نوێی دیجیتاڵییان لە دهۆک، زاخۆ و باتیفا خستووەتەکار، کە ئاسانکاری بۆ نزیکەی 250 هەزار هاوبەشی کارەبا دەکات. وەزارەتەکە دەڵێت، ئەمە هەنگاوێکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی بۆ گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بە هەموو کوردستان.
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاراکردنی سیستەمێکی نوێی دیجیتاڵیی لە هۆبەکانی فرۆشتنی وزە لە دهۆک، زاخۆ و باتیفا راگەیاند، کە نزیکەی 250,000 هاوبەشی کارەبا لێی سوودمەند دەبن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، ئەم سیستەمە نوێیە لەگەڵ سیستەمی هۆبەکانی دیکەی فرۆشتنی وزە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان یەکدەخرێت و دەبێتە هۆی راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان و پرۆسەی دەرکردنی پسوولە بەشێوەیەکی خێراتر و ئاسانتر.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر هەمان سیستەم لە هۆبەکانی فرۆشتنی کارەبای هەولێر و سلێمانی جێبەجێ کرا و بەشێکە لە چاکسازییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ تەواوی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.
وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "لە ئێستادا زیاتر لە 50%ـی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سوود لە یەک سیستەمی دیجیتاڵیی یەکگرتوو وەردەگرن بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان".
کاراکردنی ئەم سیستەمە لە دهۆک، زاخۆ و باتیفا، بەشێکە لە پلانی وەزارەتی کارەبا بۆ جێبەجێکردنی لە سەرجەم 25 هۆبەی فرۆشتنی وزە لە هەرێمی کوردستان.
لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، "پڕۆژەی ڕووناکی"ـی راگەیاند، بە ئامانجی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.
کۆتایی مانگی رابردوو، وەزارەتی کارەبا رایگەیاند کە هەڵەبجە بووە یەکەم پارێزگا لەسەر ئاستی عێراق کە بەتەواوی کارەبای 24 کاتژمێریی بۆ دابین بکرێت، شانبەشانی سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.