Erbil 31°C سێشەممە 16 حوزەیران 06:10

رووسیا ڤاکسینێکی نوێی شێرپەنجە رادەگەیەنێت کە ئامادەیە بۆ بەکارهێنان

کوردستان TV
100%

ئاژانسی فیدراڵی رووسیا بۆ پزیشکی و بایۆلۆژی (FMBA) پەرەپێدانی ڤاکسینێکی نوێی شێرپەنجەی راگەیاند، کە قۆناغە تاقیکارییەکانی بە سەرکەوتوویی بڕیوە، لە بواری بەرەنگاربوونەوەی یەکێک لە کوشندەترین نەخۆشییەکانی سه‌رده‌م.

 ئاژانسه‌ رووسییه‌كه‌ رایگەیاندووه‌: زانایان ڤاکسینێکی نوێی شێرپەنجەیان پەرەپێداوە و دوای بڕینی قۆناغە تاقیکارییەکان بە سەرکەوتوویی، ئێستا به‌ ته‌واوی ئامادەیە بۆ بەکارهێنان.

ڤیرۆنیکا سکڤۆرتسۆڤا سەرۆکی ئاژانسەکە، لە میانی بەشداریکردنی لە دەیەمین کۆڕبەندی ئابووریی رۆژهەڵات لە (ڤلادیڤۆستۆک) رایگەیاند: ڤاکسینە نوێیەکە ناوی "ئینتیرۆمیکس" (Enteromix)ە و پشت بە تەکنیکی ترشی رایبۆزی (MRNA) دەبەستێت، کە هەمان ئەو تەکنیکەیە لە هەندێک ڤاکسینی کۆرۆنادا بەکارهێنرا.

روونیشی کردەوە: ئەم ڤاکسینانە پشت بە ڤایرۆسی لاوازکراو یان لەکارخراو نابەستن، بەڵکو خانەکانی لەش فێردەکەن کە پڕۆتینی دیاریکراو بەرهەمبهێنن کە هانی سیستمی بەرگريی دەدەن بۆ ناسینەوە و هێرشکردنە سەر خانە شێرپەنجەییەکان.

سکڤۆرتسۆڤا گوتیشی: ڤاکسینەکە چەندین ساڵی لە توێژینەوەی زانستیدا بەڕێکردووە، لەنێویاندا 3 ساڵ تاقیکردنەوەی پێش کلینیکیی ناچاری و ئەنجامەکان دەریانخستووە کە سەلامەتە تەنانەت لە کاتی دووبارەکردنەوەی ژەمەکانیشدا، جگە لە کاریگەرییە بەرزەکەی.

دووپاتی کردەوە کە هەندێک لە تاقیکردنەوەکان بچووکبوونەوەی گرێ شێرپەنجەییەکان یان خاوبوونەوەی گەشەکردنیان بە رێژەی نێوان 60% بۆ 80% تۆمارکردووە بەپێی جۆری شێرپەنجەکە، هەروەها باشبوون لە ڕێژەی مانەوە لە ژیاندا لەلایەن ئەو کەسانەی تاقیکردنەوەیان لەسەر کراوە بەدی کراوە.

بەپێی زانیاری ئاژانسە رووسییەکە، سەرنجی سەرەکیی ئەم ڤاکسینە لەسەر شێرپەنجەی قۆڵۆن و ڕیخۆڵەئەستوورە دەبێت کە یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە.  

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: ئه‌م دۆزینه‌وه‌ زانستییه‌ دەرگة بۆ چارەسەری وردتر و کاریگەرتر و کەم زیانتر بۆ نەخۆشانی شێرپه‌نجه‌ دەکاتەوە، بە بەراورد بە چارەسەری کیمیاییی کلاسيك كه‌ پێشتر گیراوه‌ته‌به‌ر.

 

جیهان تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.