گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، شەوی رابردوو لە قەزای کفری دوو برا بە چەقۆ هێرشیان کردووەتە سەر خێزانێک و بەهۆیەوە کچێکی تەمەن 21 ساڵ کوژراوە و سێ ئەندامی دیکەی خێزانەکەش بریندار بوون. پۆلیس دەڵێت، یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکراوە و بەدوای ئەوی دیکەدا دەگەڕێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی ئەیلوول، عەقید عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، شەوی رابردوو لە گەڕەکی ئیمام محەمەد لە قەزای کفری، رووداوێکی کوشتن و برینداربوون روویداوە.
لە راگەیێندراوێکدا گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی: "دوو گەنج کە برای یەکترن، بەهۆی کێشەیەکی پێشینەوە، بە چەقۆ هێرشیان کردووەتە سەر ماڵێک".
پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەکرد، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، کچێکی ئەو خێزانە بە ناوی (ئاڵا عەباس حەمید) کە لەدایکبووی 2004ـە، گیانی لەدەستداوە و هەریەک لە دایک و باوک و برایەکیشی بریندار بوون.
گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، بریندارەکان سەرەتا گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار، بەڵام دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە، دوو کەسیان رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون.
عەقید عەلی جەمال قەدووری ئاماژەی بەوەش کرد، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و یەکێک لە تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکردووە، کە بەپێی ماددەی 405ـی یاسای سزادان راگیراوە. هاوکات فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ تۆمەتبارەکەی دیکە دەرچووە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.