مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پرسەنامەیەك بەهۆی كۆچی دوایی کەسایەتی تێکۆشەر و ماندوونەناس (ڕاست نووری شاوەیس) بڵاو دەكاتەوە.
مەكتەبی سیاسی پارتی لە بەیاننامەكەدا رایدەگەیەنێت "هەڤاڵی خوالێخۆشبوو کەسایەتییەکی ناسراو و کادیر و سیاسەتمەدارێکی دڵسۆز بوو و لە قۆناخەکانی خەباتی ڕزگاریخوازیماندا ڕۆڵی شیاو و دڵسۆزانەی خۆی گێڕاوە".
دەقی پرسەنامەیەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ کۆچی دوایی ڕاست نووری شاوەیس:-
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی تێکۆشەر و ماندوونەناس خوالێخۆشبوو (ڕاست نووری شاوەیس)مان پێگەیشت، بە خەمناکییەوە پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو و بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان و هەڤاڵ و هاوکارانی دەکەین.
هەڤاڵی خوالێخۆشبوو کەسایەتییەکی ناسراو و کادیر و سیاسەتمەدارێکی دڵسۆز بوو، لە قۆناخەکانی خەباتی ڕزگاریخوازیماندا ڕۆڵی شیاو و دڵسۆزانەی خۆی گێڕاوە و کەسایەتییەکی دیار و نیشتیمانپەروەر بوو.
دوای راپەڕینی گەلەکەمان و دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێگەی دیاری هەبووە و لە کار و لێپرسراویەتی حزبی و حکوومی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ڕۆڵی خۆی بینیوە، لەوانە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و باڵیۆزی عیراق بووە لە وڵاتانی توونس و مەغریب و پورتوگال.
دووبارە بە ناوی خۆمان و هەڤاڵانی کۆمیتەی ناوەندی پارتیمان پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین خانەوادەی تێکۆشەری خوالێخۆشبوو (ڕاست نووری شاوەیس) لە خەم و کۆستی دیکە بە دووربن و لە خوای گەورە داواکارین رۆحی پاکی هەڤاڵی کۆچکردوومان بە بە هەشتی بەرین شاد بکات.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
7ی ئەیلوولی 2025
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.