بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، گەشتیارێکی عەرەب لە رووباری خەلانی سنووری خەلیفان خنکاوە و تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە. هاوکات دوو کەسی دیکەی خانەوادەکە لە خنکان رزگارکراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی راگەیاند: سێ گەشتیار کەوتنە نێو رووباری خەڵان - بیاو لە سنووری قەزای خەلیفان، دووانیان رزگارکران و یەکێکیان خنکا.
کاروان میراودەلی گوتی: "تەرمی ئەو گەشتیارە عەرەبە کە ناوی (حوسێن عەلی عەباس)ـە و تەمەنی 25 بۆ 26 ساڵە، لە رووباری خەلانی سنووری خەلیفان دەرهێندراوەتەوە".
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمەکە سەرەتا گواستراوەتەوە نەخۆشخانەی خەلیفان و دواتر بۆ توێکاری رەوانەی پزیشکی دادی کراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.