Erbil 31°C چوارشەممە 08 تەمووز 23:10

بەسڕە.. رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی گورچیلە زیادیان كردووە

کوردستان TV
100%

نووسینگەی بەسڕەی كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای دەكات، رێژەی تووشبووانی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی گورچیلە و كۆئەندامی هەناسە لە پارێزگاكە بەرێژەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە.

نووسینگەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت: لە بەسڕە رێژەی تووشبووانی هاووڵاتییان بە شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی گورچیلە و كۆئەندامی هەناسە بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە.

نووسینگەكە داواشی لە فەرمانگەی تەندروستی بەسڕە كرد چاودێرییەكی باشتری بەشی وەرەمەكانی شێرپەنجە لە پارێزگاكە بكات و دەرمان و پێداویستی پزیشكی زیاتریان بۆ دابین بكات، چونكە لە بەشەكەدا كەموكوڕی بەرچاو هەیە.

نووسینگەی بەسڕەی كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ هەروەها داوای لە ئەنجوومەنی پارێزگاكەیان كرد بەزووترین كات لیژنەی تایبەتمەند پێكبهێنن و لە نزیكەوە سەردانی نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە و گورچیلە و كۆئەندامی هەناسە بكەن بەتایبەت لە بەشی منداڵان كە بە رێژەیەكی بەرچاو ژمارەیان روو لە زیادبوون كردووە.

لەماوەی رابردووشدا هاووڵاتییانی پارێزگای بەسڕە چەندین جار خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان بەهۆی كێشەی كەمی و پیسیی ئاوی خواردنەوەی پارێزگاكەیان ئەنجامدابوو و داویان لە حكوومەتی خۆجێیی بەسڕە كردبوو بەپەلە بێنە سەرخەت و چارەسەری كێشەی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگاكەیان بكەن.

پێشتریش عەلی عەبادی سەرۆكی كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق لەبارەی خراپی ئاوی خواردنەوە لە بەسڕە گوتبووی: بەهۆی خراپی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگەی بەسڕە، سەدان حاڵەتی نەخۆشی پەڵەی پێست لە نەخۆشخانەكان تۆماركراون، بەشێك لە نەخۆشەكانیش منداڵانن.

هەروەها گوتبووی: حكوومەت لە پڕۆسەی پاككردنەوەی ئاوی خواردنەوە تەنیا ماددەی كلۆر و چەند تەكنیكێكی سادە بەكاردەهێنێت، بەكارهێنانی ئەم ماددە و تەكنیكانە نابنە هۆی ئەوەی ئاوەكە بەتەواوی خاوێن بێتەوە، بۆیە لە نەخۆشخانەكان سەدان نەخۆشییەكانی پێست و دروستبوونی پەڵە تۆماركراون.

سەرۆكی كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ئاماژەی بەوەشدابوو كە جگە لە خراپی ئاوی خواردنەوە، لە بەسڕە هەروەها كێشەی كەمئاویش لە گەڕەكەكان زۆرە، بەشێوەیەكی گشتی عێراق لە بابەتی ئاو بە دۆخێكدا تێپەڕ دەبێت كە لە ساڵی 1930ـەوە هاوشێوەی نەبووە.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.