Erbil 31°C سێشەممە 07 تەمووز 22:00

قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر کۆتایی دێت 

کوردستان TV
100%

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت و بە تەواوبوونی، ئاوی خواردنەوە بۆ چەندین گەڕەک و ناوچەی دیکە دابین دەکرێت. پڕۆژەکە بە گشتی کێشەی ئاوی پایتەخت بۆ 30 ساڵی داهاتوو چارەسەر دەکات.

رۆژی دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، پارێزگای هەولێر رایگەیاند: کارەکانی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر بەرەو تەواوبوون دەچن و بڕیارە لە مانگی 11ـی ئەمساڵدا کۆتایی پێ بێت و دەست بە قۆناغی سێیەم بکرێت.

ئەو گەڕەک و گوندانەی لەم قۆناغەدا سوودمەند دەبن، دەکەونە نێوان هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری و بریتین لە؛ عەنکاوە، 32ـی پارك، كورانی عەنکاوە، بەحركە، گردجووتیار، سێبەردان و چەندین گەڕەك و گوندی دیکە.

ساڵی رابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێری دانا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە. قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا تەواو کرا.

تێچووی گشتیی پڕۆژەکە 480 ملیۆن دۆلارە و لە کاتژمێرێکدا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکات. پێشتر سەرچاوەی ئاوی پاک لە هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (1 و 2 و 3) 10 هەزار مەتر سێجا بوو، بەڵام ئەم پڕۆژە نوێیە بە تەنیا دوو هێندەی ئەو سێ پڕۆژەیە بەرهەمی دەبێت و بە جۆرێک دیزاین کراوە کە تاوەکو 30 ساڵی داهاتوو کێشەی ئاوی هەولێر چارەسەر بکات، هاوکات رەچاوی فراوانبوونی شار و زیادبوونی خواست لەسەر ئاو کراوە.

قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە کە تەواو بووە، توانای دابینکردنی 10 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە و دوای پاڵاوتن بە ستانداردی نێودەوڵەتی، ئاوی پاک بۆ 20 گەڕەکی هەولێر دابین دەکات.

پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیا و دەستی کاری خۆماڵییەوە و لە ماوەیەکی کەمتر لە کاتی دیاریکراودا جێبەجێ کراوە. ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە ستراتیجییانەدایە کە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوە جێبەجێ دەکرێن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.