کۆمپانیایەکی تورکی پێشنیازی دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبا بە غاز لە هەرێمی کوردستان دەکات، کە تواناکەی دەگاتە 440 مێگاوات و بە بەهای 150 ملیۆن یۆرۆیە. وەزیری کارەبا ئامادەیی هەموو کارئاسانییەکی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە نیشان داوە.
رۆژی دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی کۆمپانیای "ئەتا بیر"ـی تورکی کرد، کە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای "تەکنۆس"، پسپۆڕ لە بواری دامەزراندنی وێستگەی کارەبا بە غاز، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
لە دیدارەکەدا، شاندە تورکییەکە پڕۆژەی خۆیان بۆ دامەزراندنی وێستگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا خستەڕوو، کە بە وزەی غاز کاردەکات و توانای بەرهەمهێنانی لەنێوان 288 بۆ 440 مێگاوات کارەبادا دەبێت.
بەگوێرەی پڕۆژەکە، تێچووی دامەزراندنی وێستگەکە 150 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
لای خۆیەوە، وەزیری کارەبا وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ پێشکێشکردنی هەموو کارئاسانییەک بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دووپاتکردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.