سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە عێراق کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
رۆژی دووشەممە یەکی ئەیلوول، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کریستۆف پرۆمێرشبێرگەر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا کرد.
سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە؛ "لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئەدریان ئایسلستین، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا ".
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا؛ سەرۆکی حکوومەت سوپاسی هۆڵەندای کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە چاکسازییەکانی حکوومەت لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری، بە تایبەتی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵی کوردستان.
هاوکات؛ هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا، ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێم و میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەرانی کرد.
کریستۆف پرۆمێرشبێرگەر ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا، شاندێکی بازرگانیی هۆڵەندی، بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری سەردانی هەرێم بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.